كارزان گلی – ههولێر
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی لەكارلادراوی گەورەشارەوانییەکەی ئیستانبۆڵ، بڕوانامەكەی لەلایەن دادگاوە هەڵوەشایەوە، بەڵام لە رێگەی پارێزەرەكانییەوە تانەی لە بڕیارەكەدا و رەوانەی دادگای تەمیز كرا، لەوێش بەدەنگی زۆرینەی دادوەران بڕوانامەكە هەڵوەشایەوە.
دوای ئەوەی پارساڵ لە مانگی سێدا، ئیمامئۆغڵو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كرا، بە تۆمەتی ئەوەی گەندەڵی لە شارەوانیدا كردووە، یەكێكی تر لە تۆمەتەكان ئەوەبوو، بڕوانامەكەی ساختەیە و ئەوكاتەی ئەو بڕوانامەی لە قوبرس بەدەست هێناوە، ئەو زانكۆیەی ئەو لە توركیا دانی پێدا نەنراوە.
چەند جارێك تانە لە بڕیارەكە درا، پاشان بڕیاری كۆتایی درایە دادگای تەمیز و دادگاش بە كۆی دەنگی دادوەرەكان بڕیاریان دا بڕوانامەكەی هەڵوەشێننەوە، چونكە ساختەیە و وەزارەتی خوێندنی باڵا یەكلایی كردووەتەوە.
بۆچی ساختەبوونی بڕوانامەكەی هەرایەكی گەورەی ناوەتەوە؟
ئیمامئۆغڵو، خۆی ئامادە كردبوو تا لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا ببێتە بەربژێری سەرۆكایەتی، لەلایەن پارتەكەیشیەوە كە جەهەپەیە، بە فەرمی بووە بەربژێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕوانامەكەی بە ساختە هەژمار كرا، بۆیە ئەو شانسەی لەدەست دا.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، هەركەسێك بیەوێت ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، پێویستە بڕوانامەی بەكارلۆریۆسی هەبێت، ئەگەرچی ئیمامئۆغڵو دكتۆرای هەیە، بەڵام بڕوانامە بەكالۆریۆسەكەی رەت كرایەوە، بەمەش شانسی بوون بەبەربژێری لەدەست دا.
جەهەپە، بەر لەوەی ئیمامئۆغڵو دەستگیر بكرێت هەوڵی زۆری دا لە رێگەی یاساوە، رێگە لە دەستگیركردنی بگرێت، بۆ نموونە هەرزوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا بەربژێریان كرد، بەڵام دادی نەدا و دەستگیر كرا و لە پۆستی سەرۆكی شارەوانییش لا درا.
ئیمامئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ی شارەوانییەكان، توانیی بە جیاوازی ١٠٪ لە بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە بباتەوە و بۆ جاری دووەم لەسەر كورسی سەرۆكی شارەوانیی دانیشت، بەڵام تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كرا.
جەهەپە بۆ ماوەی یەك مانگ، بە ملیۆنان خەڵكی لە شارەكانی توركیا هێنایە سەر شەقام و پڕۆتستۆی ئەو بڕیارەیان كرد و داوایان كرد ئازاد بكرێت، بەڵام ئازاد نەكرا و لە بەربژێربوونیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بێبەش كرا.
یاساناسەكانی سەر بە جەهەپە، باس لەوە دەكەن بۆیە ئیمامئۆغڵو دەستگیر كراوە و بڕوانامەكەی هەڵوەشاوەتەوە، چونكە ركابەری ئەردۆغان بوو و لە هەڵبژاردن بەئاسانی لێی دەبردەوە، بۆیە خستیانە زیندان تا نەتوانێت ركابەری ئەردۆغان بكات.
بەڵام یاساناسەكانی سەر بە ئاكەپە ئەو بۆچوونە رەت دەكەنەوە و پێیان وایە ئەگەر كارێك نایاسایی بوو پێویستە رێی لێ بگیرێت و ئیمامئۆغڵوش بڕوانامەكەی هەڵوەشاوەتەوە و ئەوە پەیوەندیی بە ئەردۆغانەوە نییە.
تاوەكوو ئێستاش ناكۆكییەكی زۆر سەخت لە نێوان لایەنگرانی ئیمامئۆغڵو و ئاكەپە هەیە لەسەر دەستگیركردنی و دەڵێن ئەگەر ئازاد بكرێت، هەر ئەو بە سەرۆكی خۆیان دەزانن، بەڵام جەهەپە ئومێدی نەماوە بۆ بەربژێربوونی ئیمامئۆغڵو، بۆیە بە دوای كەسێكی تردا دەگەڕێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەربژێری بكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەرا، یەكێك دەبێت لە بەربژێرە هەرە لە پێشەكان، چونكە بنكەی جەماوەری جەهەپە ئەویان دەوێت دوای ئیمامئۆغڵو، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەبەردەم یاڤاش بنكەی جەماوەری كوردە، چونكە كورد ئەو كەسایەتییەی ناوێت بە هۆی نەژادپەرستی و دژەکوردبوونیەوە.

