رۆژنامەی ھەولێر

لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا کۆدەکرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ھاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان لەم دۆخە نالەبارەدا، کەمپەینێکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی ھاوکارییە مرۆییەکان دەستیپێکرد و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، دواتر ھاوکارییەکان لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دەگەیەنرێنە کوردانی ڕۆژئاوا. لە ھەمان کاتدا لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کاروانێکی زۆر گەورەی ھاوکاری گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان. بەرپرسی دەزگاکە، دەڵێت، دۆخی ئاوارەکان زۆر سەختە، بۆ ئەو مەبەستە دەزگاکەیان سەرجەم کەلوپەلی پێویستییان بۆ ئاوارەکان دابین کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، کاروانی ھاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت.

پێداویستیی ئاوارەکان
ئێستا کەمپەینەکە لە تەواوی سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ھاووڵاتییان بە گەرموگوڕییەوە دەستیان بە پێشکەشکردنی ھاوکارییەکانیان کردووە، بڕیارە تەواوی پرۆسەی ڕێکخستن، کۆکردنەوە و گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەڕێوەبچێت، کە تیمەکانی ئەو دەزگایە ئەرکی گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ ناو خاکی ڕۆژئاوای کوردستان دەگرنە ئەستۆ.
ئەم کەمپەینە ھاوبەشە دوای دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دێت، کە بووەتە ھۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان و دروستبوونی پێویستییەکی زۆر بە خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ناوماڵ، لایەنە ئیدارییەکان جەخت لە بەردەوامی ئەم پرۆسەیە دەکەنەوە و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەن بۆ سەرخستنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە، وەک ھەمیشە لە ھاوکارییەکانیان بەردەوام بن. ئاوارەکانیش زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن و وەکو خۆیان دەڵێن، سەرۆک بارزانی ھەر لە یەکەم خوولەکەوە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئێمە بووە و ئەوەی پێویست بووە بۆ ئێمە کراوە، بۆ ئەوەی لەو دۆخە ناخۆشە ڕزگار بین.
ھەولێر لە کەمپەینێکی فراواندا ھاوکاریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکاتەوە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر سەبارەت بە ڕاگەیاندنی گەورەترین کەمپەینی ھەولێر بۆ ھاریکاری و یارمەتیدانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کە بەھۆی ھێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە بۆسەر ناوچەکانیان، ھەزاران ھاووڵاتیی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونە و پێویستییان بە ھاوکاری خێرا ھەیە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان گوتی، لەپێناو ھەڵوێستێکی ئەخلاقی، مرۆیی، نیشتمانی و ئایینی، ھەرێمی کوردستان لە پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو دۆخە ناھەموارەی خوشک و برایانمان تێیکەوتوون، ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە، ئەمڕۆ ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە پشتگیری ھەموو مرۆڤایەتی و لەسەرووی ھەمووشیانەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
پارێزگاری ھەولێر، گوتیشی: ئەو کارە تەواو کارێکی مرۆییە و پەیوەندی بە ھیچ ھێز و لایەنێکی سیاسیەوە نییە و کەمپینی خەڵکی شاری ھەولێرە، بۆیە ھەر خێرخواز و کەس و لایەنێک دەیەوێت لەم پرۆسە مرۆییە بەشدار بێت دەتوانێت ھاوکاری و یارمەتیەکانی بگەێنێتە ئەو کەمپەینە.
ئومێد خۆشناو، ڕوونی کردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان و لەسەرووی ھەمووشیانەوە سەرۆک بارزانی، ھەموو تواناکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم شەڕ و ماڵوێرانییە بوەستێت، تا کوردانی ڕۆژئاوا بگەنە ماف و دەستکەوتەکانی خۆیان لە سووریای نوێدا.
ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە دوای ڕاگەیاندنی کەمپەینی ھاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان پارەیەکی زۆر لەگەڵ کەلوپەل و پێداویستی ناوماڵ کۆکراونەتەوە، دوای کۆکردنەوەی ھاوکارییەکان بە تیمێکی تۆکمە تەواوی زانیارییەکان تۆمار دەکرێن بۆ ئەوەی مافی ھیچ کەس و خێرخواز و کۆمپانیایەک نەخورێت.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەکی زۆری جلوبەرگ و کەلوپەلی خێزان و منداڵەکان گەیشتوون، چونکە منداڵان لە ھەمووان پێویستیترن، تاوەکو یەک کەس پێویستی بە ھاوکاری ھەبێت ئەم کەمپەینە بەردەوام دەبێت، ھەروەھا تیمێکی شارەزا کەلوپەلەکان بەگوێرەی تەمەنەکان لە یەکتری جودا دەکاتەوە، دواتر تەواوی کەلوپەلەکان بەخێرایی لەڕێگەی بارھەڵگرەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەنێردرێن.
لە دھۆکیش کۆمەک و ھاوکاری کۆدەکرێتەوە
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ئاشکرای کرد، لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای دھۆک کەمپەین بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ خوشک و برایانی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و چەندین شوێن لە سەنتەری شاری دھۆک و شوێنەکانی دیکە دیاری کراون، لەو کەمپەینەدا پارە و کەلوپەلی پێویست کۆکراوەتەوە، داواش لە خەڵکی خۆمان دەکەین ھەر یەک بەپێی توانای خۆی ھاوکار بێت، ھەڵمەتەکە تا سبەی دوو شەممە بەردەوام دەبێت، لەو ھەڵمەتەدا تەنیا کەلوپەلی نوێ و ھاوکاریی دارایی وەرگیراوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکاریی مرۆیی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کرد
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دەزگاکەیان مەزنترین کاروانی ھاوکاری مرۆییان گەیاندووەتە ڕۆژئاوای کوردستان.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتیشی: سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووین ھەموو توانای خۆمان بۆ ھاوکاریی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بخەینە کار.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پێشکەشکردنی ھاوکارییەکان دەبینە پردێکی بەھێز لە نێوان کوردانی ڕۆژئاوا لەگەڵ لایەن و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین لە ڕۆژئاوای کوردستان خزمەتی خوشک و برایانمان بکەین.
موسا ئەحمەد، ئەوەشی گوت: ھەموو توانایەکمان خستووەتە گەڕ بۆ ھاوکاریکردنی ھاووڵاتییانی ڕۆژئاوا، جگە لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و تیمی تایبەت، ١٠٢ بارھەڵگری تایبەت ڕەوانەی ڕۆژئاوا کراون کە زیاتر لە ٢٥ بابەتی تایبەتی خزمەتگوزاری ڕۆژانە بۆ ھاووڵاتییان پێکدێت، جگە لە پێشکەشکردنی پێداویستییەکانی خواردەمەنی و ئامرازی گەرمکردنەوە، لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ کارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستانن بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ھەڵمەتی دابەشکردنی ھاوکارییەکان و ڕۆژانە ھاوکارییەکان دابەشدەکرێن.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوەشکردەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە و خزمەتیان دەکات تاوەکو ئەو کاتەی ئەوان پێویستییان بە ھاوکاری بێت و دۆخی ڕۆژئاوا ئاسایی دەبێتەوە.