رۆژنامەی ھەولێر

رووداوەکانی ڕۆژئاڤای نیشتمان یەکێتیی نەتەوەیی گەیاندووەتە چڵەپۆپە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم مەترسیی کۆمەڵکوژی و جارێکی تر تاوانی ئەنفالدایە و خەریکە دەبێتە قوربانیی سات و سەودای زلهێزەکان، بە دەیان هەزار خێزانی ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی تر لەسەر خاکی خۆیان ئاوارە بوون، شەڕ بەر دەرگای پێ گرتوون و دۆخێکی زۆر ناخۆشی مرۆیی هێناوەتە کایەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆحی نیشتمانپەروەری و خاکدۆستی و یەکێتیی نەتەوەیی گەیاندووتە چڵەپۆپە.

ئەوەی تا ئێستا پاڵپشت و هاوکار و خەمخۆری سەرەکیی ئەو پارچەیەی کوردستان بووە تەنیا کورد بووە و یەکڕەنگیی و هاودەنگیی و هاواری کورد لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات و ڕاگەیەندنەکانی کەمپێنی کۆکردنەوەی یارمەتی و بەهاناوەچوونی هاوزمانانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، تابلۆیەکی جوانی مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری و کوردایەتی و مسوڵمانێتی پێشان داوە.
رووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو بەهۆی هێرشی چەکدارانی هۆزە عەرەبییەکان لە لایەک، چەکدارانی داعش و سوپای عەرەبیی سووریا لە لایەکی تر زۆر تاڵ بوون بەڵام تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە مافی برایانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە گیان و بە ماڵ لەسەرپێن و بە گوتار و کردەوەکانیان داستانێکی نوێی کوردایەتییان تۆمار کردووە. هەولێری پایتەخت جارێکی تر کوردایەتی پێناسە کردەوە و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆک نووسیویانەتەوە. دڵی ئامەد و مەهاباد و سنە و کرماشان لەگەڵ دڵی قامیشلۆ لێ دەدات.
رووداوەکانی ڕۆژئاوا هەمووانی لە خەوێکی قووڵ ڕاچڵەکاند و بەئاگای هێنانەوە پێی گوتن سەرەکیترین پشت و پەنای کورد هەر کوردە و تەنیا خۆمان دەبێت مشووری دەرد و کێشەکانمان بخۆین، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان بەیەکەوە دەست بدەینە ئاڵای کوردایەتی و نیشتماندۆستی و پارێزگاری لە خاک و نەتەوەمان بکەین و ئەگەر یەکدەنگ و یەکگرتوو نەبین دەبینە خۆراکی گورگ و چەقەڵەکانی ڕۆژگار.
کورد لەوە بەئاگا هاتووەتەوە ئەو پیلانەی دەرحەق بە ڕۆژئاوا کراوە دەرحەق بە گرووپێک، لایەنێکی سیاسی یان ئایدیایەکی دیاریکراو نییە بەڵکوو هێرش و تەعەدایە دژی هەر تاکێکی کورد، ئەوان لە مزگەوتەکانیان جارێکی تر سوورەتی ئەنفالیان خوێندەوە و ڕشتنی خوێنی کوردیان حەڵاڵ کرد و چاکەی هەزاران پێشمەرگە و شەڕڤانی شەهیدیان بە بڕینی کەزیی کچە شەڕڤانێکی شەهیدکراو دایەوە.
کورد ئەوانی لە تەنگانە و برسێتی وکوشتن و ستەم و زۆرییەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان پاراست، پێشمەرگە و شەڕڤانی کورد سینگی خۆیان کردە قەڵغانی بەرگریکردن لە شەرەف و کەرامەتی ئینسان، بەڵام ئەوان لە بچووکترین دەرفەتدا بەزەییان تەنانەت بە تەرمی شەهیدەکانیش نەکرد و لە بەرزاییەکان فڕێیان دایە خوارەوە.
ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە ڕۆژئاوای نیشتمان ڕووی دا دووبارە گێڕانەوەی چیرۆکی ١٠٠ ساڵ نەهامەتی و ستەم و تاوانکاری و ڕک و کینەی ڕەقیب بوو بەرانبەر بە کورد.
هەینی ڕابردوو مامۆستایانی ئاییینیی لە مزگەوتەکان هاوشێوەی هەر کیژ و کوڕێکی نیشتمان جاڕی کوردایەتییان لێدا و بە ڕەقیبیان گوت دینمان ئایینمان هەر نیشتمان.
لە کوردستان تەواوی چین و توێژەکان گەورە و بچووک و ژن و پیاو، بە چەپ و ڕاست و ئیسلامی و عەلمانی، مەلا و کرێکار، جوتیار و بازرگان، وەبەرهێنەر و پزیشک و پەرستار، مامۆستا و خوێندکار، پێشمەرگە و سەرۆک و سیاسەتمەدار هەمووان لەو دەوری گوتارێک کۆ بوونەوەتەوە کە گوتارە ڕاستەکەیە و هەر ئەو گوتارەیە دەکرێت کۆمان بکاتەوە و بمانکات بە هێز و بەرگریکار لە بەرانبەر هەموو دوژمنان.