ئەمرۆ پێنجشەممە 2026.1.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە ڕاگەیاندنى گەورەترین کەمپینى هەولێر بۆ هاریكاری و یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان كە بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ سەرناوچەكانیان، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکاری خێرا هەیە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان ڕایگەیاند: “بەرمەبنای کۆبوونەوەی دوێنێی دیوانی پارێزگا، بریارماندا ئەمڕۆ گەورەترین کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان لە بەردەم پارکی شانەدەر دەستپێبکات”.
گوتیشى: “بە هیوای ئەوەین خەڵکی هەولێر کە هەمیشە بەخشندە و میهرەبانە بتوانین بەیەكەوە لە رووە مرۆییەوه کۆمەکیان بکەین، هیوادارین بتوانین یارمەتیان بدەین، ڕاشیگەیاند، ئەوانەی زۆر گرنگن پاکێجی خۆراک، جلوبەرگ و شیری منداڵ، دایبی، بەتانی و دۆشەکە و هەر پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانەیە و داواشی لە هاوڵاتییان و خێرخوازان و خواپیداوان كرد ئەو پێداویستییانە بهێنن کە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا بتوانن راستەوخۆ سوودی لێ وەربگرن” .
پارێزگارى هەولێر گوتیشی، سندووقی کۆکردنەوەی پارەش لە کەمپەینەکە دادەنرێت و هەژمارێکی بانکی رادەگەیێنین.
ئاشكراشی كرد، ئەو کارە تەواو کارێکی مرۆییەو پەیوەندی بە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسیەوە نییە و كەمپینی خەڵكی شاری هەولێرە، بۆیە هەر خێرخواز و کەس و لایەنێك دەیەوێت لەم پرۆسە مرۆییە بەشدار بێت دەتوانێت هاوكاری و یارمەتیەكانی بگەێنێتە ئەو كەمپینە.
لەكۆتایشدا، گوتی هەموو هاونیشتمانییان بە گوێرەی توانایان چی دەتوانن پێشکێشی کوردانی رۆژئاوای کوردستانی بکەن دەتوانن لەگەڵ خۆیاندا بیگەیێننە کەمپینەکە و هەموومان بەیەکەوە هاوکار و پشتیوانی ئەو کەمپینە بكهن بۆ گەیاندنی کۆمەك و هاوکاریەكان بە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان.

