سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ناوخۆی سووریا بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی قووڵی هەرێمی کوردستانی بەرامبەر بە بەردەوامیی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نیشان دا.
ڕۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەردەوامیی ئەم شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوانە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئارامی و سەقامگیریی سووریا و تەواوی ناوچەکە. هۆشداریشی دا کە ئەم دۆخە ئاڵۆزە زەمینە خۆش دەکات بۆ مهترسيى سهرههڵدانهوهى ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەکانەوە، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ. نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە: ”شهڕ و ڕووبهڕووبوونهوهى سهربازى هيچ كێشهيهك چارهسهر ناكات و تەنها دۆخهكه ئاڵۆزتر دەکات، تەنها ڕێگەش گرتنەبەری گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە”.
سەرۆکی هەرێم داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە ئەرکی خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و ڕێگری لە داعش جێبەجێ بکات. هاوکات ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست ڕاگەیاند.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە خاڵێکی ستراتیژی کردەوە و ڕایگەیاند: ”پێويسته مافى كورد و تهواوى پێكهاتهكان له سووريا پارێزراو بن و له دهستوورى داهاتووى سووريادا مسۆگهر بكرێن”.

