رۆژنامەی ھەولێر

جارێکی دیکە ‘ماڵی کوردستان’ لە داڤۆس دەبێتە سەکۆی دیالۆگە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان

56ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، دەستی بە کارەکانی کرد و ئەمساڵیش “ماڵی کوردستان” بۆ جارێکی دیکە دەرگاکانی بە ڕووی بەشداربووان و میوانانی کۆڕبەندەکەدا دەکاتەوە.

ماڵی کوردستان، بۆ یەکەمجار لە کۆڕبەندی داڤۆسی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. وەک پلاتفۆڕمێکی تایبەت کاردەکات بۆ نمایشکردنی تواناکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی بۆ جیهانی دەرەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ماڵە، کردنەوەی دەروازەیەکە بۆ پیشاندانی پۆتانسییەلی هەرێم وەک ناوەندێک بۆ وەبەرهێنان و داهێنان، هەروەها پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ هاوبەشیی جیهانی و گەشەی ئابووری.
دیدگای ماڵی کوردستان، بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتووە کە بەشدارییەکی کارا لە سەقامگیریی ناوچەیی و پێشکەوتنی جیهانیدا بکات. ئەم ماڵە پابەندە بە فراوانکردنی تێگەیشتن و فرەڕوانگەیی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی هەرێم، ناوچەکە و جیهان دەبنەوە. ئامانج لەم دەستپێشخەرییە، هاندانی هاوکاری و دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنییە لەڕێگەی گفتوگۆی ئامانجدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی 2026، ماڵی کوردستان ڕۆژانە پێشوازی لە میوانان و بەشداربووان دەکات. دەرگای کراوە دەبێت بۆ گفتوگۆی بەسوود و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دەرفەت و ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەکان، ئەمەش لەگەڵ پێشکەشکردنی میوانداریی کوردەواری و “چای کوردی”.
ئەمساڵ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ماڵی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان و خاوەنکار و ئابووریناسانی جیهاندا دەبێت.
بەشداریی شاندێکی فراوانی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان یاوەریی سەرۆک وەزیران دەکەن، کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی و هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا.