رۆژنامەی ھەولێر

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو بێبەری بووە لە هەستی شۆڤێنی و دەمارگرژی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

یەکێک لە گرنگترین ئەو بەها ئەخلاقییانەی کورد شانازی پێوە دەکات و بە باڵای شکۆیەوە دووراوە، لێبوردەیی و هەستی مرۆڤایەتی و میواندۆستییەکەیەتی و بێبەرییە لە هەستی شۆڤێنی و دەمارگرژی. کورد بە درێژایی مێژوو ستەمی لێ کراوە بەڵام کەسایەتیی بەرزی مرۆیی خۆی پاراستووە و ڕەفتاری نامرۆڤانەی دەوڵەتانی نەخستووەتە پاڵ گەلەکانیان.

لانی کەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا کورد لە لایەن دەوڵەتانی تورک، فارس و عەرەب زۆرترین ستەمی بەرامبەر کراوە ئەنفال و کیمیاباران کراوە، کۆمەڵکوژ کراوە، زیندانی کراوە، لە خاک و ماڵ و ‌‌حاڵی خۆی دەرکراوە و بەزۆرەملێ ڕاوگویزراوە، گوندەکەی ڕووخێنراوە و ژینگەکەی پیس کراوە و سەرچاوە سروشتییەکان و کانزا و سامانەکەی بە تاڵان بردراوە و سەرەڕای ئەو هەمووە دڕندەییەی دەر‌حەقی کراوە، کورد بەرگری کردووە، هەڵویستی هەبووە بەڵام بەهەڵەدا نەچووە و هەستی تۆڵەسەندنەوە بەلاڕێیدا نەبردووە و ڕەفتاری دەوڵەتان و ئەو گرووپ و هێزانەی لە پشتی ئەو تاوانانە بووون، لە خەڵک و نەتەوەکانی جیا کردۆتەوە.
کورد کیشەی لەگەڵ دەوڵەتی عەرەبی هەبووە بەڵام میوانداریی عەرەبی کردووە، کێشەی لەگەڵ دەوڵەتی فارسی هەبووە بەڵام دژی فارس نەبووە کیشەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەبووە بەڵام ڕێزی لە تورک گرتووە و تاوانی کەسێکی نەخستووەتە پاڵ کەسانی دیکە.
نزیکترین نموونەی لێبوردەیی و گەورەیی تاکی کورد سەرهەڵدانی دەوڵەتی تیرۆریستیی داعش بوو کە بەهۆیەوە بە سەدان هەزار و تەنانەت زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. لە پارێزگایەکی وەک دهۆک ژمارەی ئەو کەسانەی هانایان بۆی بردبوو و تیایدا گیرسابوونەوە زیاتر بوو لە ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی پارێزگاکە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت لە بودجەی خۆی شوێن و جێگە و پێخەف و خۆراکی بۆیان دابین کرد. هیچ ئاوارەیەک نەبووە هاتبێتە هەرێمی کوردستان و ستەمی لێ کرابێت و بە خەم و گلەییەوە گەڕابێتەوە ناوچەی خۆی و ئێستەیش سەدان هەزار کەس لە خەڵکی عەرەب و ئێرانی و تورک لە هەرێمی کوردستان دەژین و کەرامەتیان پارێزگاری لێ دەکرێت.
میواندۆستیی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی تەنیا بۆ دۆخی شەڕ و ئاوارەبوون نەبووە بەڵکوو لە کاتی ئاساییشدا بە دەیان هەزار کەس لە هاووڵاتیی عەرەب، ئێرانی و سووری ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە لێرە لە ناوەندەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و بازاڕ و مارکێتەکان هەلی کاریان بۆ دابین کراوە و خەڵکی کوردستان ڕێزیان لێ گرتوون و لەوانەیان جیا کردۆتەوە بە ناوی جیاواز ستەمیان لە کورد کردووە.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا کە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب و بە بێبەزەییانەترین شێوە خەڵکیان سەرکوت کرد و تەنانەت ڕە‌حمیان بە تەرمەکانیش نەکرد، لە چەند ‌حاڵەتدا کە پێشینەی لە هەرێمی کوردستان نەبووە ژمارەیەک خاوەن کار ئەو تاوانانەیان خستە پاڵ گەلی عەرەب و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک ڕەفتاریان نواند کە نائاسایی بوو، باس لە بڕیاری دەرکردنی کرێکاری عەرەب کرا و هەر ئەوەش وای کرد بارەگای بارزانی بەیاننامە دەربکات و ئەو ڕەفتارە شەرمەزار بکات.
لە كاردانەوە بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
لە بەیاننامەکەدا پێداگری لەوە کراوە کە نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. هاوکات داوا کراوە ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
جێی باسە ئەوەی وای کردوە کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک نموونەیەک دەربکەوێت و جیهان بە ڕێزەوە لیی بڕوانێت و تەنانەت لە ئاستی ڕیبەرانی سیاسی و ئایینی و پاپای کریستیانەکانی جیهان سەردانی کوردستان بکات ئەو لیبوردەییە کە کورد هەیبووە و پاراستوویەتی.
کورد لەگەڵ هەموو نەتەوەیەک بە ئاشتییانە ژیاوە و خۆی خۆش دەوێت بەڵام دژی هیچ نەتەوەیەک نییە، کورد ئازادیخوازە بەڵام لە هەمان کاتدا ئازادی بۆ ئەوانی دیکەش دەوێت، لە پیناوی ژیان و خاکەکەی خەبات دەکات بەڵام دەست بۆ خاکی هیچ کەس و نەتەوەیەکی تر درێژ ناکات.