ڕائیب جادر – هەولێر
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام ھاوکاری بەسەر ئاوارە و پەنابەران دابەش دەکات. سەرۆکی دەزگاکەش دەڵێ، حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە بەرامبەر بە ئاوارەکانی شنگال و ساڵی ڕابردوو حکوومەتی عێراق تەنیا چوار بەشە خۆراکی بەسە ئاوارەکان دابەشکردووە، کەس نازانێت پارەی ھەشت بەشە خۆراکەکەی دیکە چی لێھاتووە. دەشڵێ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی قورسایەکی زۆری لەسەر شانە، چونکە حکوومەتی عێراق ھاوکاری ئاوارەکان ناکات، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ھاوکارییەکانیان کەمکردووەتەوە.
ئێستا ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس، کە بەشی ھەرە زۆریان ئاوارەی ناوخۆیی عێراقن و پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی بەپەلە ھەیە.
حکوومەتی عێراق ھاوکاریی ئاوارەکانی نەکردووە و ھەموو خزمەتگوزارییەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابینی دەکات، لە کاتێکدا ئەوانە ھاووڵاتیی عێراقین و ئەرکی یاسایی بەغدایە ھاوکارییان بکات.
حکوومەتی عێراق یەک لیتر نەوت، کەلوپەل، پێداویستی و جلوبەرگی زستانە، تەنانەت گۆڕینی خێمە و سۆپای بۆ ئاوارەکان نەناردووە، بەھۆی کەمبوونەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا خەرجییەکی زۆر لەسەر شانی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
بەپێی ستانداردی جیھانی، ڕۆژانە بۆ دابینکردنی کەمترین خزمەتگوزاری وەکو شوێنی مانەوە، ئاسایش، پاراستن، تەندروستی، پەروەردە، ئیدارەدانی کەمپەکان، خزمەتگوزاری ئاو، کارەبا، ھەر ئاوارە و پەنابەرێک پێویستی بە دوو دۆلار و ٦٠ سەنتە، مانگانە دەکاتە ٨١ ملیۆن دۆلار، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان، ٣٨ کەمپی ئاوارە و نۆ کەمپی پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان ھەن، کە ١١ کەمپیان لە ھەولێر و ٢١ یان لە دھۆک و شەش کەمپیش لە سلێمانین.
ئاوارەکان ناگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئەو ناوچانەی ئازاد کراون، ھیچ خزمەتگوزارییەکی پێ نەگەیشتووە، ئەمن و ئەمان نییە، سەرچاوەی بژێوی ژیان و دەرفەتی کار نییە.
عەلاوی سەعید، ئاوارەیەکی مووسڵە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام ھاوکاری ئێمە دەکات، ھیچ جیاوازیەک ناخاتە نێوان ئاوارە و پەنابەرەکان، زۆر سوپاسی ئەو دەزگایە دەکەین کە ساڵانە ھاوکاری ئێمە دەکات، داوا لە ھەموو ڕێکخراوەکان دەکەین چاو لە ئەوان بکەن و ھاوکاری ئێمە بکەن.
لەزگین حەیدەر، ئاوارەیەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، ڕەوشی ئێمە لەناو کەمپەکان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، نەوت نییە، کەلوپەلی خواردن و خواردنەوە وەکو پێویست نییە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئێستا وەکو پێویست ڕێکخراوەکان ھاوکاری ئێمە ناکەن، ئەوەی ھاوکاری ئێمە دەکات تەنیا ھەرێمی کوردستانە، ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر حکوومەتی عێراق ئەرکە ھاوکاری خەڵکی خۆ بکات تا دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لەزگین خدر، ئاوارەیەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێت: لە شنگال بارودۆخی ئەمنی جێگیر نییە، مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئێمە زۆر خراپە، جگە لەوەی ناوچەکە وێران بووە، ماڵەکانمان وێران بوونە و ھیچ خزمەتگوزاریەکیش لە شارەکە نییە، ھەر ئەوەش وای کردووە نەگەڕێینەوە و ژیانی ژێر خێمە ھەڵبژێرین، حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام ھاوکاری ئێمە دەکەن و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمە دابین دەکەن، بۆیە بڕیارمان داوە ھەر لەناو کەمپەکان بژین و نەگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆتە پردێک لە نێوان خەڵکی ھەژار و خەڵکی دەوڵەمەند، ھەروەھا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتان، لە ساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەکی زۆر پەنابەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، دواتر ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە پارێزگاکانی عێراق ڕوویان لە ھەرێم کرد، نزیکەی ٣٠% دانیشتووانی ھەرێم ئاوارە و پەنابەرن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانی بەپێی پێویست ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران بکات، ئێستاش بەردەوامە و ڕۆژانە ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران و خەڵکی دیکە دەکات. بەگوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەرکی دەزگای خێرخوازی بارزانییە کە ھاوکاری لێقەوماوان بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵکەی زانیوە و بەردەوام ھاوکاری ئەو خەڵکەی کردووە کە پێویستییان پێ بووە.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، کەمبوونەوەی ھاوکاری یوئێن، بەتایبەتی کەمتەرخەمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەران، بەتایبەتی ئاوارەکانی شنگال بە ئەرکی خۆیان ھەڵنەستاون، چونکە ئەو ئاوارانە خەڵکی عێراقن، ئەوەش ئەرکی ئێمەی قورس کردووە کە ئێمە بەردەوام لەناو ئاوارە و پەنابەرانداینە و بووینەتە پردێک لە نێوان ئەوان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەشڵێ: دەبوایە ھەموو مانگێک حکوومەتی عێراق بەشە خۆراکی ئاوارەکانی شنگال بدات، کە ئەمە سادەترین مافە، کەچی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ١٢ مانگی ساڵی ڕابردوو تەنیا ٤ بەشە خۆراکی بۆ ئەوان دابین کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە بودجەی وەزارەتی کۆچبەران ئەو بودجەیە دابین کراوە، ئەو ھەشت مانگەی دیکە چی لێ ھات وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لێی بەرپرسە، پێویستە ئەوە قەبول نەکرێت و ئاوارەکان ڕازی نەبن و ھەڵوێستیان ھەبێت.

