بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ: بەرهەمی کۆمپانیا گەیشتووەتە 500 ملیۆن بەرمیل نەوت و لە 2026 هەشت بیرە نەوتی دیکە لێدەدەن …
ئەمشەو چوارشەممە رێکەوتی 14.1.2026 بە ئامادە بوونی هۆشیار زێباری، ئهندامی دەستەیی کاگێری پارتی دیموكراتی كوردستان و کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و ژمارەیەک شارەزاو کەسایەتی سیاسی و رێکخراوی بیانی، کۆمپانیای DNO نەرویجی لە کۆنفرانسێکدا پرۆژەی فراوان کردن و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان خستە روو، کە ئێستا لە چەندین کێڵگەی نەوتی لەنێوانیاندا کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوور لە هەرێمی کوردستان کاردەکات .
لەو کۆنفرانسە بەشێوەی ژمارەو داتا، ئاستی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت خرایە روو، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوت….
هەر لەو بارەوە بیجان موسەفر رەحمانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای DNO لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەرهەمهێنانی نەوت زۆر زیادیکردووە، مانگی ڕابردوو توانیمان پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین و تواناکانمان زۆر زیادیکردووە، ئەو بنکانەی کاری تێدا دەکەین بەگوێرەی ستانداری جیهانییە، بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت تەنیا ژمارە نییە، بەڵکوو گەواهیدەری پابەندی کۆمپانیاکەمانە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتیشی: سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییەی لە بەغدا و ناوچەکە بۆمان دروست دەکرا و هێرشە درۆنییەکان، بەڵام بەردەوامبووین تا بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە، هەروەها بۆ ئەمساڵ کار لەسەر ئەوە دەکەین بەرهەمهێنان لە ژمارەیەک بیرە نەوتی دیکە دا بکەین و بەرهەمهێنانی نەوت سەدان هەزار بەرمیل زیاد دەبێت.
بیجان موسەفر، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کرد، کە بەردەوام هاوکار و پاڵپشتییان بوونە…
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، بەرهەمی کۆمپانیاکەیان گەیشتووەتە 500 ملیۆن بەرمیل نەوت و لە 2026 هەشت بیرە نەوتی دیکە لێدەدەن. بیژەن رەحمانی ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان دی ئێن ئۆ نەوەستا و بەردەوام لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی کراون…
شایەنی باسە کۆمپانیای DNO
کۆمپانیایەکی نەوت و گازی نەرویجییە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا کاردەکات، کۆمپانیاکە لە ساڵی 1971 دامەزراوە و لە بۆرسەی ئۆسلۆ لەنێو لیستەکاندایە، خاوەنی پشکە لە مۆڵەتەکانی سەر زەوی و دەریا، هەروەها پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و نەرویج، شانشینی یەکگرتوو، کۆت دیڤوار، هۆڵەندا و یەمەن دەکات .

