رۆژنامەی ھەولێر

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ەناردەکارانی هەرێمی کوردستان: ساڵی ڕابردوو هەزار تۆن بەرهەمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە کراوە

پرۆسەی بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران لە بازاڕەکانی جیھان بەردەوامە. سەرۆکی گشتیی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٠٠ ھەزار تۆن بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی جیھان ڕەوانە کراوە، لە ھەمان کاتدا ١٢ جۆر دەرمانی پزیشکی وەکو بەرھەمی ھەرێم بۆ دەرەوە نێردراوە.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی بەرچاوی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، ئەوەش وای کردووە لەم چەند ساڵەی دوای چەندین فیستیڤاڵی بەرھەمی خۆماڵی بکرێن، ئەوەش دەرفەتێکی باشی بۆ جووتیاران پەیدا کردووە تاکو بازاڕ بۆ خۆیان پەیدا بکەن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەجیددی کار لەسەر دروستکردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانی کوردستان دەکات، بۆ ئەمەش سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەند و دیدارە سیاسیی و ئابوورییەکانیی جیھان بەشدارە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکات ھەر ئەو ھەوڵانە بوون، کە ھەنار وەک یەکەم بەرھەم ھەناردە بکرێت و دواتریش سێوی بەرواری باڵا و ترێ و ھەنگوینی بەدوادا ھات.
یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارکردنە لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ، بە ئامانجی سەرخستنی بەرھەمی ناوخۆی زیاتر و ساغکردنەوەی بەرھەمی جووتیاران و دۆزینەوەی ھەلی کار لە ناوخۆ، ئەمەش بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەھێز. شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: یەک لە کاری سەرەکی حکوومەتی ھەرێم گرنگیدانە بە بەرھەمی ناوخۆیی، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئاسانکاری زۆر بۆ جووتیار و خاوەنکاری ناوخۆیی کراوە، بەشێوەیەک ھەر کارگەیەک بەرھەمەکەی ٢٥% پێویستییەکانی ناوخۆ دابین بکات، حکوومەت ڕاستەوخۆ لە کاتی ھاتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان باجێکی زۆر دەخاتە سەر ئەو بەرھەمە، ئەوەشە بۆ ئەوەیە ئەو بەرھەمە پارێزراو بێت و زیاتر گرنگی پێ بدرێت و ڕەواجی ھەبێت.
سەرۆکی گشتیی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی گوت: ئێستا ١٥٠ جۆر بەرھەمی ناوخۆیی گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە دەتوانن ٥٠% ھەتا ١٠٠% پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان دابین بکەن، وەکو بەرھەمی سپیاتی، پەلەوەر و ھێلکە، شیش و چیمەنتۆ بە ڕێژەی ٧٠% بەرھەمی کارگەکان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕەوانە دەکرێن.
پەپێی ئامارەکانی ئەو یەکێتییە لە ساڵی ڕابردوو ٩٩٨٥٢ تۆن بەرھەمی ناوخۆیی لە خواردن و کەلوپەلی دیکە بۆ وڵاتانی جیھان ھەناردە کراوە.
لەلایەکی دیکەوە کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای دھۆک لە ساڵانی ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە پاڵپشتیی جووتیارانی کردووە بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم، بەرھەمی پەتاتەی کوردستان بە کوالێتییەکی بەرز ناسراوە و خواستێکی زۆری لەسەرە لە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات و قەتەر، ھەروەھا ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ فراوانکردنی بازاڕەکان و ھەناردەکردنی بۆ وڵاتانی دیکەش، لەوانە ئەفریقای باشوور. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دھۆک ئاشکرای کرد، پڕۆسەی ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ ناوخۆی عێراق و دەرەوەی وڵات گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و تەنھا لەمساڵدا زیاتر لە ھەزار و ٦٦١ تۆن بەرھەم ڕەوانەی تورکیا و بازاڕەکانی جیھان کراوە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، گوتی: ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ھەزار و ٦٦١ تۆن لە بەروبوومی خۆماڵی کە بریتین لە برنجی کوردی، سماق، ھەنجیری وشککراو، مێوژ و فستەق ھەناردەی تورکیا کراوە، لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا دەچێت.
بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارییەکی باشی جووتیاران دەکات، بۆ ئەوەی بەرھەمیان ساغ بێتەوە و لە بازاڕ بفرۆشرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە ئێستا ھەم بەرھەمیان لە بازاڕ ساغ دەبێتەوە، ھەم ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گەورەیە و وا دەکات جووتیاران زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەن.
بەپێی ئامارەکان: لە ١١ مانگی بەرھەمی ھەناردەکراوی جووتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک بۆ تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا، بەمشێوەیە بووە: سماق، ھەزار و ٥٨٩ تۆن، ھەنجیری وشککراو ١٥٠ کیلۆگرام، مێوژ ٢٥٠ کیلۆگرام، فستق ھەزار و ٢٥٠ کیلۆگرام و برنجی کوردی، ٧١ تۆن.