سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لە سەرجەم ئەندامانی “کارا” دەکات، بە مەبەستی ڕێکخستنی لیستی ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون، سەردانی لق و نووسینگەکان بکەن، بۆ پڕکردنەوەی فۆرمێکی تایبەت بە زانیاریی ڕۆژنامەنووس.
بەپێی بڕیارێکی کارگێڕی کە بە واژۆی ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەرچووە، ئاگاداری سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی ئەندامی “کارا” دەکرێتەوە کە لە ڕێگەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسانەوە، فۆرمێکی تایبەت بە زانیاریی ڕۆژنامەنووس پڕ بکەنەوە.
لە نووسراوەکەدا ھاتووە، پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە بە مەبەستی ڕێکخستنی لیستی ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە تا ئێستا زەویی نیشتەجێبوونیان وەرنەگرتووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دابینکردنی ئەو مافە بۆیان.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان مەرجێکی بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە داناوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە بە زووترین کات و لە ماوەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٦ تێپەڕ نەبێت، فۆرمی تایبەت لە لق و نووسینگەکانی سەندیکا پڕ بکرێتەوە.
سەبارەت بە جوگرافیای دابەشکردنەکە، سەندیکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێدانی زەوی ئەندامانی کارای سەندیکا لە ناوەوەی ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەگرێتەوە، وەک مافێکی ھاوشێوەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ڕۆژنامەنووسانی ئەندامی سەندیکای عێراق.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان جەختی کردووەتەوە، کە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵ دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مافە بۆ ڕۆژنامەنووسان.
سەندیکاکە دەڵێت: ھەر ڕۆژنامەنووسێک کە ئەندامی کارای سەندیکاکە بێت، دوای نێوەڕۆی ڕۆژانەی یەکشەممە، دووشەممە و چوارشەممەی ھەموو ھەفتەیەک، سەردانی سەندیکا بکات بە مەبەستی پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی.

