ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەمە 2026.1.7، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەى ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆ ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، كە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر و بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانی و ئەندازەی هاتووچۆ و پارک و باخچەکان و پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوتر کرا و تیشک خرایەسەر پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر و ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەى شەقامە و شوستەکانى ناوشار و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بەچاککردن هەیە.
هەروەها کۆبوونەوە جەختی لە چارەسەرکردنی هەموو ئەو شوێن و شەقامە سەرەکیانە کردەوە، کە لە چەند جێگایەکى سەنتەری شار قەرەباڵغیەکی زۆریان کەوتۆتەسەر و بەهۆی زۆری ژمارەی ئوتۆمبێلەوە دووچاری خنکان هاتوون، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری هەولێر، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپرارد بەهەماهەنگى لەگەڵ یەکتر و لەڕێگەى لیژنەى هاوبەش چارەسەری ئەو پرسانە بکرێت.
لەکۆتایشدا، لەپێناو ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆ، ژمارەیەک داوکارى و پێشنیار لەلایەن بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر خرانە ڕوو، دواى گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن ئامادەبووانەوە، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر و ئەندازەی هاتووچۆی ڕاسپارد بەدواداچوون و دیراسەى ووردى ئەو داوکارى و پێشنیارانە بکرێت لەپێناو جێبەجێکردنیان.

