رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى خانەنشین بوونی، ڕێزلێنانى بەخشى بە یاریدەدەری پارێزگار

ئەمرۆ دووشەممە 2026.1.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و سەرجەم بەڕێوەبەرانی بەشەكانی نێو دیوانی پارێزگا، لە ڕێورەسمێكی تایبەتدا لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی لە ماوەى ساڵانى ڕابردووى تەمەنیدا پێشکەشی کردووە و بە بۆنەى خانەنشین بوونی لە پۆستی یاریدەدەری پارێزگاری هەولێر، ڕێزلێنانى پارێزگاى بەخشى بە ( ئەكرەم ئەحمەد ).

پارێزگارى هەولێر، لە وتەیەكدا، وێڕاى پیرۆزبایی، ئەرک و ڕۆل و ماندووبوون و ئەزموونی بەڕێزیان لە خزمەتکردنى هاوڵاتییان و پارێزگا بەرز نرخاند، بەتایبەتی ڕۆڵیان لە كاروباری پارێزگا و دەستخۆشی لێكرد كە ئەو ماوەیەی لە پۆستی یاریدەدەری پارێزگار بووە دڵسۆزانە كارەكانی هاوڵاتییانی ڕاییكردووە.

گوتیشی، ڕاستە بەڕێزتان بە فەرمی لە پارێزگا ئەركەكانتان بەكۆتا هاتووە و خانەنشین بوون، بەڵام پارێزگا هەمیشە ماڵى تۆ بووە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە.

لە کۆتایشدا لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە، ڕێزلێنان و خەڵاتى تایبەتی پارێزگای هەولێر، پێشکەش بە بەڕێز ( ئەكرەم ئەحمەد ) کرا.