رۆژنامەی ھەولێر

لەسەر جینۆسایدی بارزانییەکان دوو بەرپرسی ڕژێمی بەعس دادگایی کران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر جینۆسایدی بارزانییەکان دوو بەرپرسی ڕژێمی بەعس دادگایی کران، پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان، دەڵێت، ئامادەبوونی دایک و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە دادگەی باڵای تاوانەکان کەیسەکەی زۆر بەھێزترکرد، وەک شایەدحاڵ گوتەیان لێ وەرگیرا. دەشڵێ: لە داھاتوودا تۆمەتبارانی دیکەی ئەنفالی بارزانییەکان دادگایی دەکرێن.

ڕژێمی بەعس تاوانی زۆر گەورەی دەرحەق بە کورد و پێکھاتەکانی دیکەی کردووە. ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق دوو تۆمەتباری دادگایی کرد، یەکێکیان لیوا شاکر تەھا، لیوای ئاسایش بوو، دانپێدانانی لێ وەرگیراوە، چۆن لە جینۆسایدی بارزانییەکان بەشداریکردووە و بارزانییەکانیان تاوەکو ئەنبار و فەلوجە و ناوچەکانی دیکەیان بردوون.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی دادگەی کردن ژمارەیەک ئافرەتی بارزانی وەک شایەدحاڵ ئامادەبوون و گوتەیان لێ وەرگیرا، چونکە ئامادەبوونی ئەو شایەدحاڵانە کەیسەکەی زۆر بەھێزتر کرد و ھاوکات تاوانباری سەرەکی ئامادەبوو و بڕیارێکی پڕ بەپێستی بۆ دەرچوو، ئەویش لە سێدارەدان بوو.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان، باسی لەوەش کرد، ژمارەیەک تۆمەتباری باڵای دیکە دەستگیرکراون و لە داھاتوو فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەکرێت، تۆمەتباربوونە بە جینۆسایدی ئەنفال، ھەروەھا جەخت لەوە دەکەینەوە، بەغدا بە زوویی قەرەبووی کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان بکات و سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتیە بەردەوامیە.
دادگەکە یەک شەممەی ڕابردوو بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعد خەزعل جاسم لامی و ئەندامێتیی دادوەران عەلی کەمال جابر، محەممەد عەبدولڕەزاق خەتاب، فیراس مەحموود ئیسماعیل و باسم ساڵح محەممەد، دوو ئەفسەری پێشووی ڕژێمی بەعسی عێراق بەناوەکانی شاکر تەھا یەحیا غەفور ئەلدووری و سەعدون سەبری جەمیل جومعە ئەلقەیسی، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە ئەنفالی بارزانییەکان، دادگایی کرد.
دادگە بڕیاری دا بە سزای لەسێدارەدان بەشێوەی خنکاندن تا مردن بۆ تاوانبار شاکر ئەلدووری، ئەم سزایە لەسەر بنەمای ماددەکانی ١٢ و ١٥ی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥، ھەروەھا ماددەی ٤٠٦ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ دەرچووە، ناوبراو بە تاوانی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی بارزانییەکان و فڕێدانیان بۆ ناو گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەی فەللوجە/سەقلاویە، کە بە تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ھەژمار کراوە، سزا درا.