رۆژنامەی ھەولێر

یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران: تا ئێستا ٣٥ هەزار هاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تا ئێستا ٣٥ ھەزار خێزان پێوەری ئاویان بەستووە و تەنیا ١٠%ـی ھاوبەشان ماون، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم بڕیاری داوە ئەو کەسانەی تا ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە بەھۆی کەلەکەبوونی قەرزەکانیانەوە داشکاندنی تایبەتیان بۆ بکرێت، ھەندێک لە داشکاندنەکانیش لە ٥٠% زیاترن.

ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و سەد ھەزار مەتر سێجا ئاو بەرھەمدەھێندرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوڕۆی ھەرێمی کوردستان، ئەمە بڕێکی زۆرە و ڕێژەکە لە تەواوی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان زیادە، بەڵام نزیکەی ٣٠% لەم بڕە ئاوە بە فیڕۆ دەچێت، ئەمەش وایکردووە ھەندێک کات ھاووڵاتییان دووچاری کەم ئاوی ببنەوە.
ژمارەی ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی بەڕێوەبردنی زانستییانەی ئاوەوە دەیەوێت زۆرترین سامانی ئاو بپارێزێت و ھاووڵاتییان لێی سوودمەند بن، بۆ ئەو مەبەستە یەکێک لەو پڕۆسانەی پشتی پێ دەبەسترێت، بەستنی پێوەری بەکارھێنانی ئاوە.
سێکتەری ئاو لە ئەولەویەتی کارەکانی سەرۆکی حکوومەتە، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە سەدان پڕۆژەی ئاو لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، نەک تەنیا پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە، بەڵکو دەیان پڕۆژەی ئاوەڕۆ جێبەجێ کراون، ھەروەھا بۆ بابەتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بۆ گلدانەوە وەکو سەرچاوەکانی ئاو لەسەر زەوی و ژێر زەوی. بەگوتەی بەرپرسانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە پڕۆژەکانی بۆ پاراستنی سامانی ئاو و دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ھاووڵاتییان، ئەویش چەند پڕۆژەیەکی بۆ بووژانەوەی کانیاوەکانی کوردستان و گواستنەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ئاوی ژێرزەوی دەستپێکردووە.
یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ٢٠/١١ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی دەرکرد و تا ١ی ٤ی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، بڕیارەکەش ئەوەیە داشکانێکی تایبەت کراوە بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی کە تا ئێستا بەھۆی کەلەکەبوونی قەرزەکانیان پێوەری ئاویان نەبەستووە، ئەو بڕیارەش بەھۆی پێداگری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ و بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بووە، لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون بەستنی پێوەر لە ٤٥ ھەزار دینارەوە کراوەتە ٢٠ ھەزار و بۆ دەرەوەی شارەکانیش ١٠ ھەزار دینار.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران، دەشڵێ: ئەو شوێنە بازرگانیانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە لەمەودوا مانگانە سزا و غەرامەی تایبەت دەکرێن، ئەو شوێنە بازرگانییانەش ٣٠ جۆری جیاواز لەخۆ دەگرێت، ئەوانەش بۆ بەستنی پێوەر بەڕێژەیەکی بەرچاو داشکاندنیان بۆ کراوە.
یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران، ئەوەشی گوت: تا ئێستا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٥ ھەزار ھاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە و مانگانە پارەی خۆیان دەدەن، ١٠%ی ھاوبەشان ماون ئەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە بۆ ئەوانەیە و تا ١/٤ی ساڵی داھاتووش دەرفەتە تا پێوەری ئاو ببەستن، ھیوادارین ئەو ھاوبەشانە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی تووشی سزا نەبن.