سلێمان تاشان – هەولێر
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیجی چەند کێشەیەکی گەورەی لە کۆڵ هاووڵاتییان کردەوە و کۆتایی بە ژمارەیەک قەیران و تەنگژە هێنا کە چەندین ساڵ بوو خەڵک بە دەستیانەوە دەیانناڵاند. ئەو چاوەڕوانییە لە حکوومەت هەیە ئاوڕێک لە سیستمی گواستنەوەی پایتەخت بداتەوە چونکە خاڵی جیاکەرەوەی هەولێر لەگەڵ پایتەختی وڵاتان نەبوونی سیستمی پێشکەوتووی گواستنەوەی هاووڵاتییانە.
لە کەرتەکانی ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان، بەنداو، پەروەردە و فێرکردن و گەشتوگوزار و چەندین بواری تر پڕۆژەی زۆر گەورە و گرنگ و ستراتیجی لە کوردستان جێبەجێ کراون کە بەشێکیان لە هەولێری پایتەختن. بە ئاماژەدان بە ناوەکانیان بە ڕوونی دەردەکەوێت چ گۆڕانکارییەک بەسەر هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختدا هاتووە و چۆن سیمای شارەکان گۆڕدراون و چ گۆرانکارییەک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیدا هاتووەتە کایەوە.
بەڵام یەکێک لەو کەرتانەی کە ئاوڕێکی ئەوتۆی لێ نەدراوەتەوە و ئەو چاوەڕوانییە لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە لە پێشینەی پڕۆژە ستراتیجییەکانیدا جێی بۆ بکاتەوە، پرسی گواستنەوەی هاووڵاتییانە. هەولێر ئەوەندە قەرەباڵغ بووە کە پەرەپێدانی شەقام و ڕێگاکانی بە خێرایی بەرفراوانبوونەکەی ناوێرێت. ڕاستە شەقامەکانی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری و پەرەپێدانی سەرجەم شەقامە گشتییەکان لە گەڕەک و ڕێگاکانی دەرەوەی شار ڕۆڵیان هەبووە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی بەڵام لەهەمان کاتدا زیادبوونی بەلێشاوی ئۆتۆمبێل لە سەر شەقامەکان وای کردووە کۆتایی بە جەنجاڵی نەهێنرێت.
هەمووان دەزانن شەقامی ١٢٠ مەتری دوای کرانەوەی زۆر چۆل بوو بەڵام ئێستا ئەویش قەرەباڵغ بووە و هۆکارەکەش هەر نەبوونی سیستمی گواستنەوە و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە. هاووڵاتییان بۆ چوونە ناو شار لە ناچاریان پشت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان دەبەستن و ماڵ هەیە سێ ئۆتۆمبێلی لەبەر دەرگاکەی ڕاگرتووە، چونکە سێ ئەندامی خێزانەکە بەیانیان بە ئاراستەی جیاوازی شار بۆ دەوام یان هەر کار و مەبەستێک دەردەچن.
ئەو سیستمەی گواستنەوەی پاسەی کە لە هەولێر هەیە و ناوەند بە گەڕەکەکان گرێ دەدات زۆر کۆنە و وەڵامدەری گەورەیی و بەرفراوانبوونی هەولێر نییە.
دامەزراندنی سیستمی ترام، شەمەندەفەر، سیتی پاس و میترۆ و سیستمە پێشکەوتووەکانی گواستنەوە هاوشێوەی وڵاتانی تر بۆ هەولێر بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی و ئەگەر جێبەجێ بکرێت جگە لەوەی کە جەنجاڵی لە شەقامەکان کەم دەکاتەوە ئەوا دەبێتە هۆی پاراستنی سامانێکی زۆر، هاوردەی ئۆتۆمبێل کەم دەکاتەوە و ژینگەش دەپارێزێت.
بەپێی ئامارێک کە دوێنێ سێشەممە نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە پرێسکۆنفرانسێکدا خستیە ڕوو لە ساڵی ٢٠٢٥دا نۆسەد و بیست و دوو مۆڵهتیان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داوەتە بازرگانان و زیاتر له سەدو هەشتا و سێ ههزار ئۆتۆمبێل هاوردە کراون.
ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین هەموو ساڵێک نزیکەی دووسەد هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە بکرێن ئەوا تا پێنج ساڵی دیکە ملیۆنێک ئۆتۆمبێلی تر دەکەونە سەر شەقامەکان.
بەپێی ئامارێک کە مانگی ئابی ئەمساڵ بڵاو کرایەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگای هەولێر گەیشتبووە زیاتر لە ملیۆنێک و چوارسەد و سی و شەش هەزار ئۆتۆمبێل. لە سلێمانی ژمارەکە گەیشتبووە حەوت سەد و هەشتا و هەشت هەزار و لە دهۆکیش گەیشتبووە سەرووی سێسەد و چل و هەشت هەزار ئۆتۆمبێل کە ئەگەر کۆیان بکەینەوە دەگاتە سەرووی دوو ملیۆن و پێنجسەد و حەفتا و سێ هەزار ئۆتۆمبێل و زیاتر لە نیوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لە پارێزگای هەولێرن.
لەکاتێکدا کۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە کوردستان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بوو لە ملیۆنێک و هەشتسەد و سێ هەزار و لەو کاتەوە تا مانگی ئابی ئەمساڵ حەوتسەد و حەفتا هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان زیادی کردووە .
یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی حکوومەت کە پێویستە بۆ پێشخستنی هەولێر بینێت دامەزراندنی سیستمی پێشکەوتووی گواستنەوەیە و دەبێت بە پڕۆژەیەکی ستراتیجی کارێک بکرێت خەڵک لە جیاتی ئۆتۆمبێلی کەسی ڕوو لە گواستنەوەی گشتی بکەن و بەمەش سیمای هەولێر بۆ شارێکی شارستانی و پێشکەوتووی جیهانی دەگۆڕدرێت.

