بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت “ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار و چالاکی زۆری ھەبووە، نزیکەی ٣ ھەزار مۆڵەتمان بۆ ھاوردە و ١١٥ مۆڵەتیشمان بۆ ھەناردەکردن داوە.”
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی “ئەمساڵ لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١/١/٢٠٢٥ تا ئێستا چەندین بەڕێوەبەرایەتیمان ھەن، لەوانە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانە، وەرگرتنی گەنم و کردنی بەئارد و دابەشکردنی بەسەر ھاووڵاتییان، پێدانی مۆڵەتی بازرگانی بە بازرگانان بۆ ھاوردەکردنی کاڵاکانیان و ھەناردەکردنیان، چاودێری بازاڕ و ھەڵسەنگاندنی پڕۆژە بازرگانییەکان.
بۆ بەشە خۆراک، تا ئێستا حەوت بەشە خۆراک دابەش کراوە، بڕیارە بەم نزیکانە هەشتەمیش دابەش بکرێت، بۆ ئاردیش ئەمساڵ ١٠ بەشە ئارد دابەش دەکرێت.”
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی “سەبارەت بە گەنم، ئەمساڵ ٣٨٦ تەن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، پارەکەشی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دیناربوو، تا ئێستا زیاتر لە ١١٢ملیاری ھاتووە، زیاتر لە ١٩٠ ملیار دینار لای حکوومەتی عێراق ماوە، ئومێد دەکەین ڕەوانە بکرێت و دابەش بکرێت، کاری چاودێری بازرگانی بەگشتی لە ھەرێمی کوردستان ٤٥ھەزار و ٣٩٢ سەردانیان بۆ شوێنەکان کردووە، لەوانەش ھەزار و ٨٥٤ سەرپێچی و ٢٤٧ داخستن ھەبووە، زیاتر لە ٥ ھەزار و ١٣١ سزای دارایی بووە، زیاتر لە ٧٥ تەن و ١٣١ کیلۆ ماددەی بەسەرچوو لەناوبراوە.
بۆ مۆڵەتی بازرگانیش، ئەمساڵ ٢ ھەزار و ٩٥٥ مۆڵەت دراوە بۆ کاڵای جۆراوجۆر، زیاتریش پیشەسازی و پیشەسازی ڕووەکی و خۆراک بووە، ١١٥ مۆڵەتی ھەناردەش دراوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەناردە زیاتر بکرێت.
بۆ ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش ٩٢٢مۆڵەت دراوە، زیاتر لە ١٨٣ھەزار ئۆتۆمبێل ھاوردە کراون، بۆ پڕۆژە بازرگانییەکان، ١٣١ مۆڵەتی پڕۆژەی بازرگانی ھاتووە، ١٢٣ مۆڵەت قبوڵکراون، لەو پڕۆژانە ٣ھەزار و ٦٠٠ دەرفەتی کار ڕەخسێندراوە.”

