سەرۆکی حکوومەتی پێشوازی لە محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد
ڕۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عێراق.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی محەممەد ئەلحەسسان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنی و کاریگەرەی کە لە ماوەی کارکردنیدا گێڕاویەتی، بەتایبەت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێزانینی زۆری خۆی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی دامودەزگاکانی حکوومەت لەگەڵ ئاژانسە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاستێکی بەرزدا بووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی سەرکەوتنی کارەکانیان.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا، تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە. جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە هەموو لایەک کار بۆ پاراستنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە بکەن.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە هاوکاریکردنی لایەنە عێراقییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و مرۆییەکان، و هەرێمی کوردستانیش وەک فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکەدا ڕۆڵ دەگێڕێت.

