ڕائیب جادر – هەولێر
زیاتر لە مانگێک بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیووە، بەڵام بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان ھێشتا ئاسۆیەک بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکوومەت نییە. لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تا ئێستا کوردستان لایەنی کاریگەر بووە لە پێکھێنانی حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو ھێزی سیاسی یەکەم لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەم بە دروشمی ھاوسەنگی، ھاوبەشی و سازان بەشداری کرد و دەیەوێت حکوومەتی داھاتووی عێراق لەسەر ئەو بنەمایانە پێک بێت. شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن، گەڕانەوە بۆ دەستوور باشترین چارەسەرە، ئەگەرنا عێراقی نوێ ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ دەنگدانی تایبەتی ٩ـی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتی ١١ـی تشرینی دووەمی ڕاگەیاند، پارتی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی ھەموو حزبەکاندایە و لە ھەموو لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان دەنگی زیاترە.
چاوی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقە و پێیانوایە حکوومەتی نوێی عێراق بەبێ کورد دروست نابێت، ئێستا شیعە، سوننە و کورد، سێ پێکھاتەی سەرەکین لە بەغدا، ئەمەریکا دەیەوێت ھەرسێ پێکھاتە بەشداری کارای حکوومەتی نوێ بکەن، چونکە بە پەراوێزخستنی لایەنێک لەم سێ پێکھاتەیە، ڕیسەکەی عێراق جارێکی دیکە دەبێتەوە خووری.
لایەنە سەرکەوتووەکانی ھەڵبژاردن دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستاندن کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن لە داھاتوویەکی نزیکدا حکوومەتی داھاتووی عێراق پێک بھێنن. شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن، بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە ئامانجە نەتەوەییەکان پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە پڕۆژەیەکی یەکگرتوو ڕوو لە بەغدا بکەن، بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەگەرنا بەو ئامانجە ناگەن ئەوەی خەڵکی کوردستان دەیەوێت.
د. زکری تاھر، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: عێراقی نوێ لەسەر بنەمای ھاوبەشی، سازان و تەوافق دامەزراوە، گەڕانەوە بۆ دەستوور باشترین چارەسەرە، ئەگەرنا عێراقی نوێ ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر تەماشای ڕەوشی سیاسی ئەمڕۆی عێراق بکەین، بەتایبەتی بەشداری کارای خەڵکی کوردستان لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، تەنیا پارتی زیاتر لە ملیۆنێک و ١٠٠ ھەزار دەنگی بەدەستھێنا، گرنگە عێراق لەوە تێ بگات کە ھیچ حکوومەتێک دروست نابێت ئەگەر کورد بەشداری کارای نەبێت و بەشدار نەبێت لەو حکوومەتە لەسەر ئەو بنەمانەی کە دروشمی پارتی بوون بۆ ھەڵبژاردن، حکوومەت و لایەنە عێراقییەکان لەو پەیامە گەیشتوونە و ھەموو ئەو حکوومەتانەی کە ھەوڵ دەدەن ڕۆڵی کورد لاواز بکەن ناتوانن بە ڕۆڵی خۆیان ھەستن و تا سەر بەردەوام بن.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: زۆر زەروورە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دانوستانەکانی حیزبەکان لەمەڕ پێکھێنانی حکوومەت بەرھەمی ھەبێت، ناکرێت ھیچ حیزب و پێکھاتەیەک یاری بە کات بکات و بیەوێت پێکھێنانی حکوومەت دوا بخات، چونکە پەیوەندی بە چارەنووسی گەلەکەمانەوە ھەیە.
لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێکی فڕە نەتەوەیی و ئاینییە، پێویستە حکوومەتێکی تەوافقی پێکبێت و ھەر پشتگوێخستنی لایەنێک و ئەو سێ بنەمای کە دروشمی پارتی بوون بۆ ھەڵبژاردن دەبێتە ھۆکاری لەناوچوونی سیستەمی سیاسی لە عێراق. د. ناسح ساڵح، شارەزا لە کاروباری عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی دەیەوێت ئەمجارە بە شێوەیەک بچێتەوە بەغدا بتوانێت لەڕێگەی نوێنەرەکانیەوە ئەگەر ھەموو کێشەکانیش چارە نەکات، بەشێکیان چارە بکات، بۆیە دەیەوێت بە ھێزەوە لە بەغدا بێت.
ئەو چاودێرە و شارەزایەی کاروباری عێراق، گوتیشی: کێشە و ئاستەنگی زۆر لە بەردەم حکوومەتی نوێی عێراق ھەن، ھێشتا داعش کۆتایی نەھاتووە و نێو ماڵی شیعە لێک ترازاوە، ناوچەی سوننەنشین وێرانە و پێویستی بە خزمەتگوزاری ھەیە، لە لایەکی دیکەوە گەندەڵی گەیشتووەتە لوتکە و ھەموو سنوورێکی بەزاندوە، خەڵک داوای ژیان و خزمەتگوزاری و ئارامی دەکەن، لەبەر ئەمە چارەکردنی ئەو ھەموو کێشانە کارێکی ئاسان نییە، ئەمڕۆ لەسەر ئەو عێراقەی کە ئێمە پێی دەڵێین کۆماری فیدراڵی، زۆر ھەڕەشە ھەن، لەوانە ھەڕەشی ئابووری و ئەمنی ھەیە، کە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە، بۆ خۆ ڕزگار کردن لەو ھەڕەشانە پێویستە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ سازانێکی نیشتمانی و یەکگرتی ھەر سێ پێکھاتەی سەرەکی عێراق، ئەگەر تەماشا بکەین لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەشداری لە حکوومەتی داھاتووی عێراق دەکەن، پێویستە یەکگرتو بن و ھاوپەیمانی کوردستانی لە بەغدا پێکبھێنن، بۆ ئەوەی بتوانن بە ھێزێکی یەکگرتوو بەھێزتر لە جاران لە بەغدا بتوانن مومارسەی مافی نەتەوەیی کورد بکەن.
د. شاھین عەلی، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەھێزی و کاریگەری کورد لە حکوومەتی داھاتووی عێراق پەیوەستە بە یەکڕیزی کوردەوە، دەبێت کورد یەکگرتوو بێت، وتارێکی یەکگرتووی ھەبێت، بەرنامەی حکوومی یەک بێت، کاتێک کە دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکەن دەبێت ھەموو پێکەوە بن و خاڵەکانی کورد لەناو بەرنامەی حکوومەتی داھاتووی عێراقدا جێگیر بکرێن، بۆ ئەوەش دەبێت کورد بە یەکگرتووی ڕوو لە بەغدا بکات و لەگەڵ ھەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمەکەمان، دەبێت لایەنەکان بۆ یەکڕیزی و گوتارێکی یەکگرتوو دەستبەرداری بەشێک لە داخوازییەکانی خۆیان بن.

