سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری پۆڵەندا کرد و پشتیوانیی حکوومەتی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی، کونسوڵیش خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بواری بازرگانی و خوێندندا خستە ڕوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی کانوونی یەکەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماجێیز زایدەل، کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری پۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی پۆڵەندا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست، هاوکات هەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی کارەکانی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی پۆڵەندا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی لە بوارەکانی بازرگانی و خوێندندا.

