رۆژنامەی ھەولێر

نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت راگەیەنراوێك لەبارەی تێكدانی گۆڕی كریستییانەكان لە كۆیە بڵاو دەكاتەوە

نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كاری تێكدانی چەند گۆڕێكی كریستییانەكان لە شارۆچكەی كۆیە بڵاو دەكاتەوە، دوای سەركۆنەی ئەم كارە نابەجێیە، ئاماژە بەوە دەكات كە گۆڕستانەکە لە سەر فەرمانی مەسرور بارزانی نۆژەن دەکرێتەوە.

لە راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت ئاماژە بەوەدراوە “داوا لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکەین دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان”.

شەوی رابردوو لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە چەند گۆڕێكی كریستییانەكان لە گوندی هەرمۆتە لە شارۆچكەی كۆیە تێكدرابوو و هەروەها كێلەكانیان شكنێنرابوو.

دەقی راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:-

بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کارە نابەجێ و تێکدەرانە دەکەین کە لە قەزای کۆیە دژی چەند گۆڕێکی خوشک و برا کریستیانەکان کراوە. ئەم کردەوەیە بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەین و داواش لە  دامودەزگاکانی حکوومەت دەکەین کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان.

هەروەها گۆڕستانەکەش لە سەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە.

کریستیانەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن و هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، مەڵبەند و نموونەیەکی گەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان بووە و ڕێگەش بە هیچ کەسێک نادەین ئەو دۆخە تێک بدات .

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2025/12/4