رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە 600,000 مووچەخۆر لە ڕێگەی “هەژماری من”ــه‌وه‌ مووچەکانیان وەردەگرن

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 600,000 مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشین و خانەوادەی شەهیدان مووچەی مانگی نۆ بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەردەگرن.

لەم مانگەشدا بۆ یەکەمجار زیاتر لە 10,000 خانەوادەی شەهید لەسەرانسەری کوردستان بۆ یەکەمجار مووچەکانیان لەڕێگەی هەژماری من بەشێوەیەکی دیجیتاڵی وەردەگرن.
تا ئێستا، زیاتر لە 900,000 مووچەخۆر خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگای باسە کە لەچوارچێوەی پرۆژەکە زیاتر لە 500 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن.
پڕۆژەی هەژماری من، کە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.