ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بیرۆكەی دامەزراندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان ساڵی ٢٠٠٥ ھاتە ئاراوە و وەكوو پڕۆژەیەك پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێم كرا، دوایی ڕێکەوتی ١٢ی شوباتی ٢٠٠٦، “ئەنجوومەنی باڵای وەرزش” ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی دامەزراندنیی دا فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان. ئیتر لەو ساڵەوە تا ھەنووكە، ھەرێمی كوردستان خاوەنی ئۆرگانێكی فەرمی خۆیەتی تایبەت بە سەرپەرشتیكردنی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە كوردستاندا.
فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان لە ڕاگەیێنراوێكدا نووسیویەتی كە ئێستا كە فیدراسیۆنەكەیان ساڵیادی ١٩ ساڵەی خۆی دەكاتەوە، كاروانی وەرزشە جۆراوجۆرەكانی شاخەوانی لە كوردستاندا پێی ناوەتە ھەلومەرجێكی نوێوە و، چەندین قۆناغی گرنگیشی بەرەوپێشەوە بڕیوە. لەو نێوەشدا، بەشی تەكنیك و فێركاری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان كە بەشێكی گرنگ و كۆڵەكەی سەرەكی فیدراسیۆنە، لەڕێگەی پڕۆژەی گرنگی شاخەوانی و ڕێكخستنی كۆڕ و سیمینار و خولی تایبەتی بواری شاخەوانییەوە، بووەتە ئاڵاھەڵگر و پێشەنگ و سەرقافڵەی كاروانی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە كوردستاندا.
فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، لەپێناوی ھێنانەدی و بەرجەستەكردنی كۆمەڵێك خەون و ئاواتی بەرزی شاخەوانی لە كوردستان دامەزراوە. بۆ بەرجەستەكردنی ئەو خەون و ئاواتە بەرزانەش، فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان بەشێوەیەكی پڕاكتیكی پێنگاڤی مەزنی لەو بوارەدا ھاویشتووە و دەستكەوتی گەورەشی لەو ڕووەوە بەدەست ھێناوە.
لە بەشێكی راگەیێنراوەكەدا هاتووە كە خەون و ئامانجی كۆمەڵگایەكی تەندرووست(جەستەیی- دەروونی)، بە یاسایی كردنی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە كوردستاندا، خەونی بە میللی كردنی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانیی، پەرەپێدان و بڵاوكردنەوەی فەرھەنگی چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە سرووشت و ژینگەی كوردستان، خەون و ئامانجی پێشخستنی زانستەكانی تایبەت بە وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە كوردستاندا، خەونی گەشەپێدانی شاخەوانییەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لەبەرزترین ئاست و لەسەر بنەمای ئەو ستانداردانەی لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی شاخەوانییەوە ((UIAA)) پەسند كراون، خەونی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی مامۆستا و ڕاھێنەری شاخەوانی كە ئێستا گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی و لە خەون دەرچووە و بووەتە ڕاستییەكی ھەستپێكراو.
فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان نووسیویانە كە بێگوومان، بۆیەكەم جاریشە لە دیرۆكی دوور و نزیكی گەلی كوردستاندا، وڵاتەكەمان ببێتە خاوەنی مامۆستا و ڕاھێنەری شاخەوانی. ئەوەش شانازییەكی گەورە و دەستكەوتێكی فرە بەنرخە بۆ ڕەوتی شاخەوانی لە كوردستاندا.
لەلایەكی تریشەوە، رێکخستنی چەندین گەشتی شاند و ناردن (expedition) و ھیمالیاوانی بۆ لوتكە بەرزەكانی دەرەوەی وڵات لەلایەن تیمە تایبەتییەكانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستانەوە و بەدەستھێنانی سەركەوتنێكی مەزن لەو بوارانەدا، ئەمانە جگەلەوەی دەستكەوتی گەورەن، ھاوكات دەتوانرێ وەكوو سەرمایە و ژێرخانێكی پتەو بۆ شاخەوانییەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو بۆ وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە ھەرێمی كوردستاندا چاویان لێ بكرێت.
ئێستا دەتوانین بڵێین، ڕەوڕەوەی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە كوردستاندا، ڕێڕەوی ئاسایی و یاسایی خۆیان وەرگرتووە و قۆناغ بە قۆناغ و بە لەبەرچاوگرتنی ھەنگاوی تەكنیكی و زانستییانەوە دەچێتە پێشەوە. ئەو ھەنگاوانەش ھەموویان جێی دڵخۆشی و ژێرخانین بۆ داھاتووی شاخەوانی لە كوردستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ھەوڵ و ھەنگاو و پڕۆژەی ژێرخانی و گرنگ ماوە كە كاری لەسەر بكەین و لە پلان و بەرنامەماندایە بۆ داھاتوو كار لەسەر بەرجەستەبوونیان بكەین.
فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان راشیانگەیدووە كە پلان و ستراتیژی كاركردنی ئێمە ئەوەیە كە، لەسەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا، خول و بابەتە فێركارییەكانی بواری شاخەوانیی، ھەموویان یەك دەست و لەسەر بنەمای یەك ستاندارد و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ستانداردانەی لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی شاخەوانیی(UIAA) یەوە پەسند و ئەرێ كراون، شاخەوانانی كوردستانیش پەروەردە بكرێن. ئەوەش پلانێكە دەمێك ساڵە كاری لەسەر دەكەین و ھەنگاوی گرنگیشی بۆ نراوە و بەھیواین بۆ داھاتوویەكی نزیك لەسەرزەمینی واقیع و لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بەرجەستەی بكەین.
ھەر لە ساڵیادی دامەزراندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستاندا، دەخوازین ئەو داخوازییەش بخەینەڕوو كە داخوازییەكی گرنگ و بەھادارە، كە شاخەوانان و گرووپەكانی شاخەوانیی بە گشتی، ئاستی ھۆشیاریی و تێگەیشتنی خۆیان لەبواری زانستی شاخەوانی و ناسینی مەترسییەكانی ناو سرووشت و چۆنییەتی ڕووبەرووبوونەوەی ئەو مەترسییانە ببەنە سەرەوە و لەكاری ھەڕەمەكی و نازانستی دوور بكەونەوە و پشت بە بنەما و ستاندارە باوەڕپێكراوەكانی بواری شاخەوانیی ببەستن. ئەوەش لەپێناوی بەرجەستەبوونی پارێزراوی و سەلامەتی گیانی شاخەوانان. لەو پێناوەشدا، فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوێكی خۆی لەو بوارەدا چڕ دەكاتەوە و تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ لەپێناوی بەرجەستەبوونی ئەو ئامانجانەدا.
لە كۆتایی راگەیێنراوەكەشدا هاتووە كە فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان هەر بەو بۆنەیەوە، وەكوو مژدە و دڵخۆشییەكیش بۆ سەرجەم شاخەوانانی كوردستان، ئێستا ئێمە لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان و)تۆڕی شاخەوانیی كوردستان)، هەنگاوی زۆر گەورە و گرنگمان بڕیوە بە ئاراستەی یەكگرتن و پێكهێنانی یەك ئۆرگانی شاخەوانیی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستاندا. بۆ ئەو مەبەستە چەندین كۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دراون و كۆبوونەوەكانیش بەرهەمدار بوون. لەداهاتوودا، دەرەنجامە دڵخۆشكەرەكە دەبینن.

