سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرش کردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و گوتی: هەر کەسێک لە پشت هێرشەکانی ئەمشەوەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی ترسنۆکانە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەم و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەم تاوانباران بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەرکەسێک لە پشت هێرشەکانەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم تاوانانە دووبارە بکەنەوە یان وەک ڕابردوو، بە کەفالەت ئازاد بکرێن.
هاوکات مەسرور بارزانی گوتی: داوا لە هاوبەشە ئەمەریکی و نێودەوڵەتییەکانمان دەکەم کە ئامێری بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنیمان دابین بکەن، هەروەها پشتگیریمان بکەن لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پێشکەوتنەکانمان.

