رۆژنامەی ھەولێر

هەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەستیپێكرد

ئەمرۆ سێشەممە 2025.11.25، بەئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەكی تر لە وەزیران و نوێنەرانی ڕیكخراوە حكومی و ناحكومیەكان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە شاری هەولێر لەلایەن ئەنجومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان دەستیپێكرد و بەم بۆنەیەوە چەندین چالاكی لەسەر ئەم بابەتە پێشكەشكرا.

هەڵمەتەكە ماوەی (16) رۆژ دەخایەنێت و لەم هەڵمەتەش كاردەكرێت بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و ، چەندین سیمینار ئەنجام دەدرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە دەكرێت . هەر لەم هەڵمەتەدا چاوەڕێ دەكرێت لایەنی پەیوەندیدار ، ئامار و داتاكان لە بارەی ئەو توندوتیژییەی لە بەرامبەر ئافرەتان كراوە بخەنەروو .

جێگەی باسە رۆژی (25)ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك وەك رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاریكراوە ، لە ساڵی 1981وە ئەم یادە ساڵانە دەكرێتەوە .