رۆژنامەی ھەولێر

د. سالار عوسمان پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتی پوشکین لە پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی 11ـی 2025 د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە یاوەری شاندێکی بەش، بە مەبەستی پیرۆزبایی و ڕێزلێنان سەردانی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران ـی کرد بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی پوشکین لە وڵاتی ڕووسیا.

لە ڕێوەڕەسمێکدا چەپکە گوڵ و ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک پێشکەشی پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران کرا و لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی د. سالار عوسمان ئاماژەی بە گرنگیی خەڵاتەکە کرد و گوتی: ئێمە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێز پ.د. ڕەشاد میران دەکەین و، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بەدەستکەوتێکی مەزن دادەنێین بۆ ئەدەبیاتی کوردی و بواری توێژینەوەی کۆمەڵناسی و ئیتنۆگرافیا.

لە درێژەی قسەکانیدا دکتۆر سالار گوتی: ئەو پەیوەندییە دێرینەی نێوان وڵاتی ڕوسیا و بزاڤی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان بۆ سەردەمی داستانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس و چوونی ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان مستەفا بارزانی بۆ وڵاتی ڕووسیا دەگەڕێتەوە.

شایانی باسکردنە، میدالیای پوشکین لەساڵی 1881 وەک ڕێزلێنان لە ئەلێکسەندر سێرگیچ پوشکین، شاعیرو نووسەری گەورەی ڕووس، لە لایەن ئەکادیمییەی ڕووسیاوە داهێنراوە و ساڵانە دەبەخشرێتە نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند و زانایانی بواری ئیتنۆگرافیا. لەوەتەی کۆشکی کرێملین لەساڵی 1991وە بریاری بەخشینی ئەو خەڵاتەی بە ئەدیب نووسەران و زانایانی دەرەوەی وڵاتی ڕووسیا داوە، پ.د. ڕەشاد میران، یەکەمین نووسەر و زانای بواری کۆمەڵناسی کوردناسییە ئەم خەڵاتەی وەرگرتبێ. بەڕێزیان خاوەنی زیاتر لە 30 کتێب و توێژینەوەی زانستی بوارەکانی کۆمەڵناسی و ئیتنۆگرافیا و کوردناسی و وەرگێڕانە، هەروا سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای کردووە.