رۆژنامەی ھەولێر

لە کابینەی نۆیەم زیاتر لە ١١ ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و ٥٢ کێڵگەی مین پاککراونەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ناوچە سنوورییەکان بەھۆی باران بارین مین و تەقەمەنییەکان بە دەردەکەون. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، دەڵێت: ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە لە دەرکەوتنی مین و تەقەمەنییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین. دەشڵێ: بە ھاوکاری فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین، خولێکی پێشکەوتوومان بەڕێوەبرد کە بۆ یەکەمینجارە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، میکانیزمی تایبەت بە شێوازی لەناوبردنی مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی بە کۆمەڵ ئەنجام دراو ١٠ کارمەندی شارەزای دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بەشداریان تێدا کرد.

بەھۆی بارانبارین مین و تەقەمەنی بەدەردەکەون

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١١ ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و ٥٢ کێڵگەی مین پاککراونەتەوە. عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە وەرزی سەرما بەھۆی باران بارین زۆرجار دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی مین یان پاشماوە تەقەمەنییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ھەموو کێڵگە مینەکان ھیچ پاشماوەی تەقەمەنی بە دەرنەکەوتوون.
بەڕێوەبەری دەزگای مین لە ھەولێر، ئاماژەی بەوەدا، کارمەندەکانیان بەردەوامن لە پاککردنەوەی کێڵگە مینەکان و ھەروەھا ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە لە دەرکەوتنی مین و تەقەمەنییەکان، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ژمارەیەک ڕێنمایی نوێ دەردەکەن، بەتایبەتی بۆ ئەو خانەوادانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین.

بۆ یەکەمینجارە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان خولێکی لەو شێوەیە دەکرێتەوە

سەرەرای پێشکەوتنی بەرچاو لە پرۆسەی پاککردنەوەی مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانای کارمەندانی پسپۆر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستە دەزگای گشتی کاروباری مین بە ھاوکاری فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین، خولێکی پێشکەوتوویان بەڕێوەبرد کە بۆ یەکەمینجارە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بۆ ماوەی سێ ھەفتە بەردەوام بوو، ١٠ کارمەندی شارەزای دەزگای گشتی کاروباری مین، بەشداریان تێدا کرد، ئەو بەشداربووانەش لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بەشدار بوون، بەگوتەی بەشداربووان ئەو خولە خولێکی زۆر پێشکەوتوو بوو، ئەو خولە وای کرد کە ئێمە بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو کەرەستە تەقەمەنیانە بکەین کە پێشتر جۆر و ژمارەیان جیاوازتر بوو و نەمان دەتوانی مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە تەقەمنیانە بکەین بۆیە لەو خولە لێھاتوویمان پێدرا، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت خولەکە سوودێکی زۆری بۆ ئێمە ھەبوو.
ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گەورەی نا بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردی کار بۆ لەناوبردنی تەقەمەنی ئەمەش دواجار خزمەت بە پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە دەکات. عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، ڕایگەیاند، یەکەمینجارە خولێکی ڕاھێنان لەو ئاستە بەرزە لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، خولەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو و میکانیزمێکی تایبەت بەشێوازی لەناوبردنی مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی بە کۆمەڵ ئەنجام درا، دواتر بە پراکتیکی و تیوری کاریان لەسەر کرد.
بەرپرسانی فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین، دەڵێن، کارمەندانی ھەرێم شارەزایەکی بەرچاویان ھەیە، ئەم خولەی کردوومانەوە توانی ئەو شارەزایە قولتر بکاتەوە، لە ماوەی ئەو سێ ھەفتەیەدا بەشێوەی پراکتیکی و تیوری کاریان لەسەر کرد کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سەڵامەتی و خێرای کارەکانی پاککردنەوە دەبێت.
شایانی باسە، کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ دەستی کردووە بە پاککردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان، ئەمە یەکەمینجارە خولێکی ڕاھێنان بەم ئاستە بەرزە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت کە بەشداربووان ئاستی شارەزاییان بەرز دەبێتەوە و لێھاتوو دەبن بۆ لەناوبردنی بە کۆمەڵ لە بڕی زیاتر و جۆری جیاوازتر لەوەی کە پێشتر لێھاتووبوون و سوودی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی چاڵاکییەکانی بواری کاروباری مین بەتایبەتی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی لە ھەرێمی کوردستان.