رۆژنامەی ھەولێر

به‌ بۆنه‌ی رۆژی چه‌سپاندنی مافه‌کانی منداڵان، ڕێورەسمێكی تایبەت بەڕێوەچوو

ئه‌مڕۆ یەكشەممە 2025.11.23، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و حسن علاالدین ئەحمەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە و ژماره‌یه‌كی دیكە لە به‌رپرسان و مامۆستایانی پەروەردەیی، دەزگای روانگە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، بەبۆنەی یادی رۆژی چه‌سپاندنی مافه‌كانی منداڵان ڕێورەسمێكی تایبەتی سازكرد.

تێدا جەخت لە باشتركردن و دیارخستنی پێگه و گرنگی په‌روه‌رده‌كردنی ته‌ندروستی منداڵان و په‌ره‌پێدانی پاراستنی مافەكانیان كرایەوە، كە ئامانجی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،‌ خوڵقاندنی كه‌شێكی له‌بار بۆ گه‌شه‌كردنی بارودۆخیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری و ته‌ندروستیان.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێكخەرانی كرد، ئومێدی خواست ئەو ڕێورەسمە ببێتە فاكتەرێكی تری بەهێزی پاراستن و دابینكردنی تەواوی مافەکانی منداڵان، كە یەكێكە لەكارە لەپێشینیە و پڕبایەخەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك توێژێكی كە پێویستی زۆریان بە چاودێری هەیە.

جێگەی باسە، 11.20ی ساڵی 1989، كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵی راگه‌یاند و له‌ 2ی 9ی ساڵی 1990 وه‌ك رێككه‌وننامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی جیهانی چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت وڵاتان په‌یوه‌ست بن پێیه‌وه‌.