رۆژنامەی ھەولێر

عوسمان بایدەمیر: هەولێر دەتوانێ ببێتە ژنێڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پردی نێوان قامیشلۆ و ئانکارا

عوسمان بایدەمیر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند مۆدێلی هەرێمی کوردستان دەتوانێ ببێتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ ئاشتی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و هەولێر دەتوانێ ببێتە پرد لە نێوان قامیشلۆ و ئانکارادا.

ڕۆژی چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەم، عوسمان بایدەمیر لە وتارێکدا لە کۆنفڕانسی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) داوای لە حزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد ڕێککەوتنی نەتەوەیی لە ناو خۆیاندا پتەوتر بکەن و هەرچی زووتر حکوومەت پێک بێنن بۆ ئەوەی ببنە گەورەترین پشتگیری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

بایدەمیر جەختی کردەوە هەولێر دەتوانێ ببێتە ژنێڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەروەها هەولێر دەتوانێ ببێتە پرد لە نێوان قامیشلۆ و ئانکارادا.

عوسمان بایدەمیر گوتیشی زۆر خۆشحاڵم بەو ئەو ڕێککەوتنەی لە 26ی نیسان ڕۆژئاوای کوردستان پێک هات و سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم کە دەزانم ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لەو سەرکەوتنەدا گێڕا.