دوێنێ، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و لیوا دیدار عومەر، بەڕیوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم و ژماەیەکی زۆر لە بەێوەبەرانی گشتیی هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری شارستانی و ئەفسەر و پلەداران و هاووڵاتییان و قوتابیان، لە بەردەم پاركی شانەدەر لە هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوندی تۆتاڵ بۆ پەرەپێدان و هەڵسەنگاندنی هاتوچۆ، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی یادكردنەوەی قوربانیانی ڕووداوی هاتوچۆ، ڕێوڕەسمێکی سازکرد و ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
تێیدا وێڕای پێشکەشکردنی چەندین چالاکی جۆراوجۆری تایبەت بەم ڕۆژە، ئاماژە بەوەدرا، کە بەداخەوە ڕۆژانە دەبینین کەسانێکی زۆر لە شۆفێران و هاووڵاتییان دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و بەشێکیان گیان لەدەستدەدەن و بەشێکی تریشیان کەم ئەندام دەبن و دووچاری زەرەر و زیانی مادیی زۆر دەبن، ئەوەش ئەوە دەردەخات، کە قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ هیچیان کەمتر نییە لە جەنگەکان کە لەئاکامیدا هاوڵاتییان گیان دەسپێرن و دەبنە قوربانی، هەروەها جەخت لە ڕێنمایی و ڕێنیشاندەری شۆفێران کرایەوە بۆ بەجێگەیاندنی یاسا و ڕێکارەکانی هاتوچۆ.
پاشان لەلاین پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم، تاجە گوڵینە بۆ قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دانرا و خەڵات و ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار کرا، کە ڕۆڵی دیار و بەرچایان هەبووە لە بەجێگەیاندنی ئەرک و کارەکانیان.
جێگهی باسه، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆ، لە ساڵی 2004 لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە جیهانی کرا، کە تێیدا (سێیەم یەک شەممەی مانگی 11)ی هەموو ساڵێک دیاری کراوە بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە، لەو ڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و هۆشیاری و ئاگاداری و هەوڵی جۆراوجۆر دەدرێت بۆ ڕێگری کردن لە زیادبوونی کارەساتەکانی ڕووداوی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قوربانییەکان.

