سلێمان تاشان – ههولێر
رۆژی یەکشەممە لە هەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەیەک داندرا کە سوودەکەی تەنیا بۆ خەڵکی هەولێر و ژینگەی پایتەخت و خەڵکی کوردستان نییە بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پاککردنی ژینگەی عێراق و سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی عێراق بە تایبەتی ڕووباری دیجلە هەیە کە یەکێکە لە دوو شادەماری سەرەکیی ژیان لە عێراق و دەبوایە دەیان ساڵ لەمەوبەر حکوومەتەکانی عێراق بودجەیان بۆ دابین کردبا و جێبەجێیان کردبا بەڵام نەیانکرد و ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆڵی هیممەتی لە جێبەجێکردنی هەڵماڵیوە.
پڕۆژەکانی پێوەندیدار بە ئاو و ژینگە لە پڕبایەخترین پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانە و ئەو حکوومەتانەی لە قووڵایی بایەخی ئاو لە سیاسەتی جیوپۆلیتیکی و جیوئێکۆنۆمی و ڕەهەندەکانی تری پێوەست بە ژینگە و کەشوهەوا و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان تێدەگەن، بودجەی زیاتر بۆ ئەو کەرتە خەرج دەکەن.
پڕۆژەکەی هەولێر دەمێک بوو لە پڕۆپۆزەڵ و پلانەکاندا ناوی دەهێنرا، بەڵام ئەم جارە بە پراکتیکی دەست بە جێبەجێکردنی کرا. پڕۆژەکە لەژێر ناوی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێرە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پێنجسەد و حەفتا و نۆ ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات.
پڕۆژەکە کەوتووەتە ڕۆژئاوای هەولێری پایتەخت و لەسەر ڕووبەری دووسەد و پێنج دۆنم جێبەجێ دەکرێ و لە شوێنێکە ئاوەڕۆی تەواوی هەولێری لێیەوە تێپەڕ دەبێت. هەر دوو ئاوەڕۆی پیس و ئاوی باران لە ڕابردوودا تێکەڵ بە یەکتری بوون و جگە لەوەی کە بوونەتە هۆی پیسکردنی ژینگە و زیان گەیاندن بە ئاوی ژێر زەوی لە هەمان کاتدا هەر بە پیسی تێکەڵی ڕووباری دیجلە بووە و بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش مەترسیدار بوون.
بەپێی ئەو دیزاینەی بۆ پڕۆژەکە داندراوە توانای پاڵاوتنی هەشتسەد وچل هەزار مەتر سێجا ئاوی پیسی لە ڕۆژێکدا هەیە و بۆ ماوەی سی ساڵ دەتوانێت ڕووماڵی خزمەتگوزارییەکە بکات و ئاوی پیس بۆ ئاوی خاوێن بپاڵێوێت.
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە لایەن ئاژانسی جایکای ژاپۆنی و قۆناغی دووەمی لە لایەن کۆمپانیای ناوخۆیی ئاوزان جێبەجێ دەکرێت و تۆڕێکی گواستنەوەی ئاوەڕۆ بە درێژیی نزیکەی بیست و دوو کیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت و بەشێک لە پڕۆژەکە بە سیستمی پێشکەوتووی Pipe Jacking دەکرێت کە بەهۆیەوە شەقامەکان دەستکاری ناکرێن و لە ژێرەوەی شەقامەکانەوە تۆڕەکە بنیات دەنرێت.
گرنگترین بەشی ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە چارەسەرکردن و پاڵاوتن کە بە چەند قۆناغەکی زانستی ئاوەکە پاک دەکرێتەوە و بۆ مەبەستی جیاواز بەکار دەهێنرێت و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت.
گرنگترین کاریگەرییەکانی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە ئاوێکی خاوێن گل دەدرێتەوە کە دەکرێ بەهۆیەوە پشتێنەی سەوزایی هەولێری پێ پاراو بکرێت و بەمەبەستی کشتوکاڵی و بواری تر بەکار بهێنرێت. پێشتر ئەو ئاوە پیسە تێکەڵی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی دەبوو و زۆر جار دەبووە هۆی دروستبوونی نەخۆشییە گواستراوەکان و زیانی بە سروشت و ژینگە دەگەیاند.
نزیکەی دوو دەیە دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن یارمەتیی دارایی پێشکەشی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە ستراتیجییە جێبەجێ بکرێت کە سوودەکانی تەنیا بۆ خەڵکی هەولێر نییە بەڵکوو سوود بە هەموو عێراق دەگەیەنێت بەڵام بەرپرسانی بەغدا بەلایانەوە ئاسایی بووە ئاوی ڕووبارەکان و ئاوی ماڵانیان پیس بێت بەڵام دینارێک لە گیرفانیان کەم نەبێتەوە.
وەک ئاشکرایە هەولێر شارێکی گەورەیە و هەموو ئەو ئاوە پاکەی گەیشتووتە ماڵەکان دواجار بە پیسی لە ئاوەڕۆی ماڵان دەچێتە دەرەوە و هەموو ئەو ئاوانە نیمچەرووبارێکیان لە ڕۆژئاوای شارەکە لێ کەوتووەتەوە کە مەترسیدار و پیس بووە و لە سەرچاوەوە تا دەگاتە ڕێژگە زیانی بە ژینگە گەیاندووە و لە ڕووی زانستییەوە تەنانەت ئەو پیسییە کاریگەری لەسەر پیسبونی ئاوی کەنداویش هەبووە.
پڕۆژەی پاککردنی ئاوەڕۆی هەولێر لەپاڵ پڕۆژەکانی پشتێنەی سەوزایی، فریاکەوتنی ئاوی هەولێر، پەرەپێدانی بەنداوەکان و لەم دواییانەشدا پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان کۆمەڵێک پڕۆژەن کە لە داهاتوودا ستانداردەکانی ژیان و کەشوهەوا لە هەولێر بۆ سەرووی ستانداردی جیهانی بەرز دەکەنەوە و بە ژێرخانێکی زۆر پتەو و بەهێزی ئاوەدانی و پێشکەوتن هەژمار دەکرێن.

