ڕائیب جادر – هەولێر
فەرھاد ئەتروشی، کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیستی پارتی لە پارێزگای دھۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەو لایەنەی دەتوانێ خەڵکی کوردستان و ئازادی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە. دەشڵێ: بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەھێز بێت، پێویستە پارتی لە بەغدا بەھێز بێت.
لە سنووری پارێزگای دھۆک ١١ کورسی بۆ حزب و لایەنەکان دیاری کراون، یەکێک لەو کورسییانە بۆ کۆتایە، ٣٩ بەربژێری پیاو و ٢٠ ئافرەت کێبڕکێ لەسەر دەستخستنی کورسییەکان دەکەن.
سەرۆکی لیستی پارتی لە پارێزگای دھۆک، دەڵێت: پارتی لە ناخی گەلەکەیدا چەقیوە و ڕۆژبەڕۆژ لە گەشەکردندایە، پارتی گوزارشت لە ویست و خواستی نەچەمانەوە دەکات، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەھێز بێت، پێویستە پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، چونکە ئەو بەرگرییەی پارتی دەیکات ھیچ لایەنێک نەیکردووە و ناشیکات، ڕابردوو شاھێدە کە پارتی چۆن لە بەغدا بەرگری کردووە، لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، تەنیا پارتی داکۆکیکاری مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە و ھەر پارتییش دەتوانێ ئەم ھەرێمە و دەستکەوتەکانی بپارێزێ، ئەرکی بەرگریکردن لە ھەرێمی کوردستان و لە مافە دەستوورییەکان ئەرکێکی ھەرە گرنگە و پارتی ھیچ کات لەژێر ھیچ فشارێکدا سازشیان لەسەر ناکات.
فەرھاد ئەتروشی، سەرۆکی لیستی پارتی لە پارێزگای دھۆک، گوتیشی: سۆز و پەیمان دەدەینە خەڵکی کوردستان بە جددی بەرگری لە مافەکانیان بکەین کە لە دەستووری عێراقدا ھاتوونە، پێویستە، ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان لە عێراق جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەوەی عێراقێکی یەکگرتوو ھەبێت، ئەرک و مافی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق پارێزراو بن، بەڵام بەداخەوە ئەوە لە عێراق تێکدراوە و جێبەجێ نەکراوە، خزمەتگوزاری و گەشەپێدان ئەرک و بەرپرسیارەتی گرنگن، بەڵام گرنگتر لەوە پاراستنی ئازادی و دەستکەتەکان و قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، ئەمە ئەرکێکی زەحمەتە ئەگەر ھێزێکی گەورەی وەکو پارتی نەبێت، ئێمە ڕێزمان بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھەیە، بەڵام بە حەقیقەت پارتی بووە لە بەرامبەر گەلەکۆمەکێ و ھێرش و فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان خۆی نەچەماندووە و خۆڕاگرانە بەرەوڕوویان وەستاوەتەوە.
سەرۆکی لیستی پارتی لە پارێزگای دھۆک، ڕوونیشیکردەوە: حکوومەتی عێراق ئەو فشارانەی ئەیکات چاوی بەم پێشکەوتنانەی ھەرێمی کوردستان ھەڵنایەت، ئەگەر بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٤ بکەین ھیچ بودجەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان نەھاتووە، کەچی ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئاوەدانی و پڕۆژەوە لەگەڵ بەغدا بەراورد ناکرێت، بە دەیان ملیار دۆلار لە بەغدا خەرج دەکرێت، کەچی ھیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریشیان نییە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو ڕێگرییانە، بەڵام بە سەدان پڕۆژە کراون و لەژێر جێبەجێکردن دان، ئەوانە دەرخەری ئەوەن کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بووە.

