ڕائیب جادر – هەولێر
کاندیدی ژمارە ٦ لە لیستی ٢٧٥ی پارتی لە بازنەی سلێمانی و ھەڵەبجە، دەڵێت: پێویستە خەڵکی سلێمانی و ھەڵەبجە ئەمجارە پارتی تاقی بکەنەوە و ئەو ئابڵۆقەیەی سەر سلێمانی بشکێنێت تا دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بگاتە ناوچەکە. دەشڵێ: پارتی حزبی ئارامی و ئاوەدانیە، ئەو حزبەیە کە ھەمیشە بەڵێنەکانی کردۆتە کردار و کردارەکانیشی پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە.
بەگوتەی بەرپرسانی پارتی، بانگەشەی پارتی لە سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بەشێوەی ھێمنانە و شارستانی، بە ڕەچاوکردنی ڕێنمایی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی بەڕێوەدەچێت، ئەو بەرنامەی لێژنەی باڵای ھەڵبژاردن دیاری کردووە لەسەر ئاستی میحوەر و لقەکان و مەکتەبی ڕێکخستن سەرپەرشتیی دەکەین و بەرنامەکان وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێن.
د. بەکر عبدوڵڵا، کاندیدی ژمارە ٦ لە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی و ھەڵەبجە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پارتی حزبێکە ھەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستانی کردووە، پارتی بەھۆی ئەوەی حزبێکە مێژوویەکی دێرینی ھەیە و حزبی یەکەمی کوردستانە و لانکەی شۆڕش لە لای پارتییەوە دەستی پێکردووە، لە ڕابردوو و تا ئێستا حزبێکی تێکۆشەر و کۆڵنەدەر بووە و قوربانی گەورەی داوە بۆ خاکی کوردستان، سەرسەختانە داکۆکی لە مافی ڕەوای گەلەکەمان کردووە.
کاندیدی ژمارە ٦ لە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئاشکرای کرد: ئاشکرایە سنووری پارێزگای سلێمانی- ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین کە خزمەتگوزاری وەک پێویستیان نییە، دەتوانرا بە داھاتی سنووری پارێزگای سلێمانی سنوورەکە بە شێوەیەکی بەرچاو خزمەت بکرێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە کە نەیانتوانیوە خزمەتی بکەن و یاخود نەیانویستووە خزمەتی سنوورەکە بکەن، پێویستە خەڵکی سنوورەکەمان ئەمجارە پارتی تاقی بکاتەوە بە دەنگدان و بیکەنە لیستی ژمارە یەک لەسەر ئاستی بازنەی سلێمانی تاکو خزمەت و ئاوەدانی پارتیش ھاوشێوەی شارەکانی دھۆک و ھەولێر زیاتر باڵ بکێشێت بەسەر سنوورەکە.
د. بەکر عبدوڵڵا، کاندیدی ژمارە ٦ لە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەکات، ڕابردوو سەلماندوویەتی خزمەتکردن تەنھا بە پارتی دەکرێت ھەر ئەویش کردوویەتی، ئەوەتا بە پڕۆژەی ڕووناکی ھەڵەبجە و سلێمانی بردە قۆناغیکی نوێ و لە داھاتوودا شوێنەکانی دیکەش دەگەن بەم خزمەتگوزاریە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییانی کوردستان و دەنگدەران دەکەم، لە ١١ی ئەم مانگە بە جۆش و خرۆشەوە و بە دەستی پڕ لە دەستکەوتەوە کە پارتی خزمەتی کردووە و دەستکەوتەکانی بۆ گەلی کورد بەدەستھێناوە، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بە دەنگەکانیان سندووقەکان زەردپۆش بکەن و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی بدەن، چونکە پارتی و ڕێبازی بارزانی تاکە بژارەیە کە داکۆکیکاری خاک و نیشتمان و دۆزی کورد و کوردستانە و سەرسەختانە کار بۆ ھێنانەدی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەکات.

