چواس خالید – هەولێر
به سه‌رۆكایه‌تیی مەسرور بارزانی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به به‌رده‌وامی و ڕۆژانه پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان كردووه، به‌جۆرێك له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، به تێچووی شه‌ش ترلیۆن و نیو، زیادتر له سێ هه‌زار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له بواری ڕێگه‌وباندا جێبه‌جێكردووه.
سه‌رباری كه‌ڵه‌كه‌بوو و دانه‌وه‌ی قه‌رز له ڕابردوو، به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه، به دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڕینی به‌شه بوودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به نایاسایی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه، له‌گه‌ڵ خه‌رجییه‌كانی شه‌ڕی داعش و هه‌ڵتۆقینی ڤایرۆسی كۆڕۆنا؛ هاوكات كورت هێنانی بودجه‌كه‌ی (دوای چاكسازی تێیدا) و ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی، كه‌چی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری و وه‌به‌رهێنان و هه‌وڵ و كاركردنی ڕشتانه بۆ پته‌وكردنی ژێرخانی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بووه، به‌جۆرێك كه ژماره‌ی پڕۆژه‌كان سه‌رسوڕهێنه‌ره.
به‌پێی داتا و ئاماری به‌رده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كار بوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ١٠ ی ته‌مووزی ٢٠١٩، تا مانگی ته‌مووزی ٢٠٢٥، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بڕی ترلیۆن و نیو ملییار دیناری عێراقی، سێ هه‌زار و دوو سه‌د و هه‌شتا و حه‌وت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له سێكته‌ری ڕێگه‌وباندا جێبه‌جێكردووه، كه به هۆیانه‌وه هه‌رێمی كوردستان چووه‌ته قۆناغێكی پێشكه‌وتوو له بواری ڕێگه‌وباندا.
به مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی ژێرخانی ڕێگه‌بان و پشتیوانیكردنی كه‌رته‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری، ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ، به‌ستنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه و گونده‌كان به‌یه‌كتر، له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوودا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، هه‌زار و سه‌د و نۆزده پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ڕێگاوبانی نوێ له‌نێوان شاره‌كان جێبه‌جێكراون.
تێچووی ئه‌و ژماره‌یه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییه، چوار ترلیۆن و سێ سه‌د ملیار دیناری عێراقی بووه، كه به كوالێتی به‌رز و شێوه و دیزاینی سه‌رده‌میانه كه‌وتونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له‌و ژماره پڕۆژه خزمه‌تگوزاریه‌ی له كه‌رتی ڕێگه‌وباندا، كه له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوودا چوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، حه‌وت سه‌د و هه‌ژده پڕۆژه‌یان كاره‌كانیان ١٠٠% ته‌واو بووه و خراونه‌ته خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش چوار سه‌د و یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دیكه، له بواری ڕێگه‌وبانی نێوان شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ڕشتانه كاریان تێدا ده‌كرێت و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌وانیش به كوالێتی به‌رز و شێوه و دیزاینی سه‌رده‌میانه‌وه ته‌واوده‌كرێن و ده‌چنه سه‌ر خه‌رمانی خزمه‌ته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
به‌هۆی جێبەجێكردنی ئه‌و پڕۆه‌ژه خزمه‌تگوزاریانه‌وه، له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، پێنج هه‌زار و سه‌د و بیست و شه‌ش كیلۆمه‌تر ڕێگای نوێ به كوالێتی به‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان زیادكراوه، ئه‌و ڕێگه نوێیانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بنیاتیناون، به‌شێوه‌ی سه‌رده‌میانه ئه‌ندازه‌ی هاتوچۆی بۆكردوون و به‌هۆیانه‌وه ماوه‌ی ڕێگه‌ی زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كان كه‌مبوونه‌ته‌وه و ئێستا هاووڵاتیان به ڕێگه‌یه‌كی ته‌خت و سه‌لامه‌ت به‌سه‌ریدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ی به‌رده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر و هه‌ر له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕابردوودا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، دوو هه‌زار و سه‌د و شه‌ست و هه‌شت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ڕۆنانی شه‌قام له‌ناو شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراوه.
زۆرێك له‌و پڕۆژانه‌ی له‌ناوشاره‌كان جێبه‌جێكراون، ستراتیژن و له نێویاندا ڕۆنانی به‌شی كۆتایی شه‌قامی ١٢٠مه‌تری و شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری له هه‌ولێر و شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی و شه‌قامی بارزان له پارێزگای دهۆك هه‌ن، كه ئه‌و شه‌قامانه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كه‌مكردنوه‌ی جه‌نجاڵی له شاره‌كاندا هه‌یه و ئاسانی هاتوچۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
له‌و ژماره‌یه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كه‌رتی ڕێگه‌وبان له‌ناو شاره‌كان، هه‌شت سه‌د و هه‌شتا و سێ كیلۆمه‌تر هێڵكاریی شه‌قامیان به شێوه‌ی ستاندارد و كوالێتی به‌رز بۆ به‌كار هێندراوه و شازده هه‌زار هێمای هاتوچۆشیان بۆ داندراوه.
هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕۆنانی ئه‌و شه‌قامه نوێیانه‌ی له‌ناوشاره‌كان بنیاتنراون، په‌نجا و نۆ پرد و ژێرپرد به كوالێتی به‌رز و به شێوه‌ی سه‌رده‌میانه‌ی ستاندارد دروستكراون و خراونه‌ته خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه. هاوكات چل و پێنج كیلۆمه‌تر په‌رژینی ئاسنین بۆ شه‌قامه‌كان داندراون و دووسه‌د و نه‌وه‌ت و شه‌ش په‌ڕینه‌وه‌ی پیاده و هه‌زار و پێنج سه‌د به‌ربه‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی خێراییان بۆ دابینكراوه، كه بۆیه‌كه‌مجاره كاره‌كانی شه‌ندازه‌ی هاتوچۆ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی خۆماڵی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌و دوو هه‌زار و سه‌د و شه‌ست و هه‌شت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ی ڕۆنانی شه‌قام له‌ناو شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا دروستكراون، به گوژمه‌ی دوو ترلیۆن و دوو سه‌د ملیار دیناری عێراقی جێبه‌جێكراون.

