چوارشهممه، 29ـی تشرینی یهكهمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگهیاندووه، ماوەیەکە دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە و گوایه حکوومەتی فیدراڵ/ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە بە هۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس بە تایبەت لە دوای ڕێكکەوتنامەی جەزائیر لە ساڵی 1975، ئاوارهی ئێران، تورکیا و سووریا بوون و لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیاریهتیی خۆی بەرانبەر بەو خانەوادانه جێبەجێ بکات، تا نووسینی ئەم ڕوونکردنەوەیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵی پێ نهگهیشتووه و کۆی ئەو هەواڵانەی لهم بارهوه بڵاو دەکرێنەوە، ناڕاستن.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هاونیشتمانیانیشی كردووهتهوه، نەکەونە بەر لێشاوی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی چەند کەس و لایەنێک.
گوتووشیهتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبهجێ دهكات و تا بەدەستهێنانی مافەکانیان بە تایبەت مافی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ نیشتیمان، بەردەوام دەبێت و هەر زانیاری و هەنگاوێکی فەرمیی هەبێت، لە سەرچاوەی فەرمییەوە پێیان ڕادەگەیەنرێت.

