رۆژنامەی ھەولێر

پێویستە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و گێڕانەوەی کەرکووک بکرێتە پێشینەی سیاسەتی داهاتووی کورد لە بەغدا

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

پرسی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە بانگەشە و دروشمی زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرچاو ناکەوێت لەکاتێکدا گرنگترین پرسە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە لە پێشەوەی دۆسیەکانی تر دابنرێت.

پرسی مادەی ١٤٠ و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە شتێک نییە پێوەندی بە دانوستان و ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان بەرپرسان و حکوومەتی داهاتووی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت بەڵکوو پرسەکە بریتییە لە مادەیەکی دەستووری کە خۆی مادەکە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی دەستنیشان کردووە، بەڵام سەرجەم حکوومەتەکانی پێشووی عێراق بەو حکوومەتی ئێستاشەوە خۆیان لە جێبەجێکردنی مادەکە دزیوەتەوە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادکردنی عێراق، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن بە شێوەیەکی یاسایی کێشەی مێژوویی خاک لە نێوان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە و هەر بۆیەش مادەی ١٤٠ بۆ ئەو مەبەستە نووسرا و لە دەستووردا جێی بۆ کرایەوە و بە زۆرینەی دەنگی هەموو دانیشتووانی عێراق پەسند کرا.
ئەگەر مادەکە جێبەجێ کرابا ئەوا دەیتوانی کۆتایی بە کێشەی خاک لە نێوان کورد و عەرەب بێنێت بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی مادەکە تا ئەم ساتە ستەمە مێژووییەکان لە دژی کورد درێژەیان هەیە و جووتیارانی کورد ناتوانن بچنە سەر زەوییەکانیان و بە دڵی خۆیان زەوییەکان بکێڵن، جگە لەو ستەمانە ژمارەیەک لە کەسایەتی و لایەنی سیاسیی عێراقی پێیان وایە مادەکە چیتر کاری پێ ناکرێت و بەسەر چووە.
یەکێک لەو خاڵانەی لە دامەزاندنی حکوومەتی ئێستای عێراق کورد داوای کردبوو تەنانەت لەگەڵیاندا بە ڕێککەوتن گەیشتبوو ئەوە بووە مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت چونکە ئەو لیژنەیەی بۆ جێبەجێکردنی مادەکە دانرابوو لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پەک خرابوو.
لە سەرەتاکانی دەستبەکاربوونی حکوومەتی سوودانی بۆ ماوەیەک باس لە کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکاری مادەکە کرا. قەرار بوو دوو مانگ دوای دامەزراندنی حکوومە لیژنەکە دابمەزرێت و لە ماوەی دە ڕۆژدا دەست بە چالاکییەکانی خۆی بکات بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا. دواتر پرسەکە زیاتر پشتگوێ خرا و حکوومەتی عێراق بە سیاسەتی نەناردنی مووچە و بچووککردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە مووچە، هەوڵی داوە پرسە گەورەکان لەبیر کورد بباتەوە.
حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بە تایبەتی دوای پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی لە ساڵی ٢٠٠٥ سەرەتاکان تارادەیەک لە قۆناغی یەکەمی مادەکە هەندێک هەنگاوی گرنگی نا و دەست بە قەرەبووی زیانلێکەوتووان کرا و هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم درا. بڕیار بوو لە ماوەیەکی نزیکدا هەر سێ قۆناغی قەرەبوو و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و ئاوارەکان و پاشان ڕیفراندۆم جێبەجێ بکرێ بەڵام کەمتەرخەمی تێدا کرا.
دواجار هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن لە جێبەجێکردنی ئەو مادەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ تێپەڕ نەکات کەچی لەو ساڵەشدا هیچ نەکرا و پرسی شەڕی تایفی لە پارێزگاکانی عێراق و هەندێک ناکۆکیی ناوخۆیی ناو ماڵی عەرەب ڕێگربوو لە جێبەجێکردنی مادەکە و عەرەبەکانیش کە دەیانزانی بە جێبەجێکردنی مادەکە ئەو شارە لەدەست دەدەن، لەمپەریان دروست کرد و بە بیانووی جیاواز جێبەجێکردنی مادەکەیان دوا خست.
ئەمە بەشێوەیەکی هەڵواسراو مایەوە تا لە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و شکستی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگە ناوچەکەی پاراست و بەخوێنی خۆی بەرگری لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە کرد. لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ هەرێمی کوردستان خۆی ویستی بە ڕیفراندۆم کێشەی خاک یەکلایی بکاتەوە و ڕیفراندۆمەکەش سەرکەوت و نزیکەی ٩٣% دەنگیان بەوە دا ببن بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دووبارە ناوچەکە کەوتەوە دەستی بەغدا.
دوای دوو دەیە لە دامەزراندنی عێراقی فیدراڵ نەتوانراوە ئەو مادە دەستوورییە جێبەجێ بکرێت بەڵام بەراستی کاتی ئەوە هاتووە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەم پرسە بکەنە خەمی سەرەکیی خۆیان و ڕێگە بە بەغدا نەدەن بەدروستکردنی قەیرانی وەک مووچە و شایستەی دارایی پرسە گەورەکە لە بیر کورد بەرێتەوە چونکە کاتی جێبەجێکردنی مادەکە تا زیاتر دوا بکەوێت ئەوا زیاتر بە زیانی کوردستاندا دەشکێتەوە.