رۆژنامەی ھەولێر

پارتی تاکە حزبە لە بەغدا بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، بەڵێن دەدەن بە دڵ و گیان کار بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی بکەن. یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، دەڵێت: لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگی پارتی بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچە کوردستانییەکان زیاد دەکات. دەشڵێ: پارتی بەردەوام پێداگری دەکات لەسەر گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

بەگوتەی ھاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکان دەنگدان بە لیستی ٢٧٥ دەنگدانە بە چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان و گەڕانەوەی ئەوە ناوچانە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت خەڵکی ئەو ناوچانە ڕۆژی ١١ی ١١ ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە پارتی و کاندیدانی بدەن. ھاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکان لە پێناو سەقامگیری کوردستان و گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەنگ بە کاندیدانی لیستی پارتی دەدەن. نەوزاد عەلی، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”دەڵێت: ھەموومان بە خوێن دەنگ دەدەین بە لیستەکەی پارتی ژمارە ٢٧٥، ئەوەش لەبەر ئەوەیە پارتی مێژووە، خەباتە، پارتی ئاشتی و ئاوەدانییە، ئەگەر پارتی نەبێت شتێک نامێنێت بە ناوی ناوچە کوردستانییەکان، بۆیە بۆ ئەوەی ئێمە بە ئاشتی و ئازادی بژین و ناوچەکانی ئێمە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان دەبێت پارتی بە ھێزەوە لە بەغدا بێت.
حەسەن سەیدۆ، ھاووڵاتییەکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەو ھەڵبژاردنە چارەنووسازە، دەبێت لەو کات و ساتەدا ھاووڵاتییان بە ھۆشیارییەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بە لیستی پارتی و کاندیدانی بدەن، چونکە تاکە حزبە بەرگری لە خاکی کوردستان و کار بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەکات، ھەروەھا تاکە حزبە لە بەغدا بەرگری لە قەوارە و مانەوەی ھەرێمی کوردستان دەکات.
دیاری حوسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: چۆن پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئێستا ھەڵبژاردن لە دوای ھەڵبژاردن دەنگی زیاد دەکات، ئێستاش دڵنیاین لەم ھەڵبژاردنەدا کە بڕیارە ١١ی مانگی داھاتوو بکرێت دەنگی پارتی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان، دەشڵێ: دەمانەوێت خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە لیستی ژمارە ٢٧٥ـی پارتی و کاندیدەکانی بدەن و پارتی بکەنە حزبی ملیۆنی، ھەروەھا دەبێت کار بکەین زۆرترین کاندیدی پارتی بچنە بەغدا بۆ ئەوەی زیاتر پێداگر بن لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.