رۆژنامەی ھەولێر

لە کەرکووک ئوتۆمبێلێک خۆی کێشا بە تانکەرێکی ئاودا و دوو ئافرەت بوونە قوربانی

بەیانیی ئەمڕۆ ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی پشتێنەی شاری کەرکووک و لە نزیک وێستگەی غاز ڕووی دا و لە ئەنجامدا دوو ئافرەت گیانیان لەدەست دا.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەم، لە کاتێکدا کە تانکەرێکی ئاو لەسەر شەقامی پشتێنەی کەرکووک وێستاوە و خەریکی ئاودانی دارەکان بووە، ئوتۆمبێلێکی جۆری هیۆندا ئەکسنت کە دوو ئافرەتی تێدا بووە، بە خێرایی خۆی بە تانکەرەکەدا کێشاوە و لە ئەنجامدا هەردوو سەرنشینی ئوتۆمبێلەکە گیانیان لەدەست داوە.

هەڵۆ جەباری پەیامنێری کوردستان تیڤی رایگەیاند ڕووداوەکە بە هۆی تیژڕەوییەوە بووە و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزەکانی فریاکەوتنی کەرکووک گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکانیان لە ئوتۆمبێلەکە دەرهێناوە و بەرەو پزیشکی داد لە نەخۆشخانەی ئازادی بەڕێیان کردوون.

هاووڵاتییەک لە شوێنی ڕووداوەکە بە هەڵۆ جەباریی ڕاگەیاند، شۆفێری ئوتۆمبێلەکە بە مۆبایل خەریکی وێنەگرتن بووە و بە خێرایی خۆی کێشاوە بە تانکەری ئاوەکەدا. گوتیشی هەردوو سەرنشینی ئوتۆمبێلەکە گەنج بوون.