رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە حەمید ئەلشەتڕی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی فیدراڵ کرد.
لە دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتی و ئەمنیی عێراق تاووتوێ کرا و جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا هیواخوازبوون ببێتە هۆی باشکردنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە عێراق و چارەسەرکردنی بنەڕەتيی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان.