ئەمرۆ پێنجشەممە 2025.10.9، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و د.دلۆڤان محمد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی ئیداری و حكومی و پزیشکی و پسپۆڕان و شارەزایان، لە پێناو بەرگرتن لە شێرپەنجەی مەمک كە بە باوترین جۆری شیرپەنجە دادەنرێت لە خانماندا، بۆ بەرزکردنەوەیی ئاستی هۆشیاری خانمان دەربارەی شێرپەنجەكە، کەمپەینی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک 2025 لەلایەن ڕێكخراوی ئاشتی تەندروستی ڕاگەیندرا.
تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە پزیشک و پسپۆڕان و بەشێك لە ڕزگاربووانی شێرپەنجەی مەمک، چەندین زانیاری و بابەتی زانستیان دەربارەی شێرپەنجەی مەمک و چۆنیەتی مامەڵە، و چارەسەر، و خۆپاراستن ، و گرنگی ئەنجام دانی پشکنینی و دیاری کردنی پێشوەختەیان خستەڕوو و هانی هەمووانیان دا کە نەترسن و جەختیان لەسەر گرنگی پشکنینی خۆیی، پشکنینی بەردەوامیان کرد و پەیوەندی کردن بە پزیشکەکان ئەگەر هەستیان بە هەر گۆڕانکارییەک لە تەندروستییان کرد.
پارێزگاری هەولێر، دەست خۆشی لەسەرپەرشتیار و ڕێكخەرانی هەڵمەتەكە كرد بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەى پەیامی هۆشیاریی تەندروستیى و دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگە لەپێناو خزمەتكردنی گشتیی. و خەڵاتی ڕێزلێنانی بەسەر قسەكەرانی كەمپینەكە دابەشكرد.

