بە سەرپەرشتیی دکتۆر پشتیوان سادق و بە ئامادەبوونی ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی ١٦ی پارتیمان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و ھەڤاڵانی پارتیمان لە ئۆرگانە جیاوازەکانی قەزای کۆیە و تەقتەق بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان جەختی کردەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پلان و بەرنامە و پڕۆژەی گرینگی بۆ خزمەتی ئەو دوو قەزایە و ناحیە و گوندەکانی ھەیە، لە ساڵی داھاتوودا بە پڕۆژە و بەرنامەی فراوان و گەورەوە لەخزمەتی خەڵکەکەدا دەبێت، ھەروەکو ئێستا وەک ئەرکێک بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری دەڤەرەکە بەگشتی، لەسەر بڕیاری بەڕێز (مەسروور بارزانی) سەرۆکوەزیرانی کوردستان، بڕیار دراوە بە کردەوە باشترین شەقامی دووساید بۆ کۆیە و ناوچەکە دروست بکرێت، کە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
هەروەها لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، کە پارتی دیموکراتی کوردستان شانازی بە دیرۆکی پڕ سەروەریی کۆیە و تەقتەق دەکات، لە مێژووی نیشتیمانی و شۆڕشگێری و بواری ئەدەب و هونەردا هەردەم کۆیە پێشەنگ بووە.

