رۆژنامەی ھەولێر

بە گوژمەی ( 3 ملیار و 550 ملیۆن دینار ) بەردی بناغەی پڕۆژه‌ی سەرلەنوێ قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شه‌قامی 100 مه‌تری دانرا

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025.10.7، لەژێر چاودێریی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و كارزان عه‌بدولهادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و عەمید ئارام بورهان، بەڕیوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەران و سەرۆكی فەرمانگەكان بە گوژمەی ( 3 ملیار و 550 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و سەرلەنوێ قیرتاوکردنی شەقامی 100 مەتری لە چوار ڕێیانی مخموور تاکو چوار ڕێیانی موسڵ بەدرێژی 8 كیلۆمەتر بەهەردوو دیوی شەقامەكە وەك قۆناغی یەكەم دانرا .

لە ڕیورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر كرد، كە سەرباری ئەو دۆخە قیراناوییەی هەبوو پڕۆژەكان بەردەوامیان هەبوو و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوام بوون لەگەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتییان، هەروەها سوپاسی وەزیری شارەوانی كرد كە لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەت بۆ ئەو پڕۆژانەی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن هەمیشە هاوكار و هەماهەنگی پارێزگای هەولێر بوونە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە هەولێری پایتەخت.

ڕاشیگەیاند، دڵنیایی بە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان دەدەین بە پشتیوان و لەژێرفەرمان و ڕاسپاردەكانی جەنابی سەرۆكوەزیران، ڕێزدار مەسرور بارزانی” پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوامیان دەبێت و لە ماوەی چەند ڕۆژی دیكەش بە شێكی زۆری ئەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژیانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر تەواو بوونە دەكرێنەوە و بەشێكیش لەو پڕۆژانەی كە پێویستن و داخوازی خەڵكی شاری هەولێرن بەردی بناغەیان دادەنرێت و دەستیان پێدەكرێت.