رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی شارەوانی مەزنێ: بە جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک گوند و ئاواییەکانی سنوورەکە ئاوەدان دەکرێنەوە

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی مەزنێ لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بە گوژمەی ملیارێک و نیو کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن، ھاووڵاتییانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن کە دەستی ئاوەدانی بۆ گوند و ئاوایەکانی ئەوان درێژ کردووە.

ئەندازیار مەنسوور عومەر، سەرۆکی شارەوانی مەزنێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زۆر سوپاسی مەلامستەفا بارزانی دەکەین کە ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی وەرگرت بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەمان، یەکێک لەو پڕۆژانە بەگوژمەی ٩٠ ملیۆن دینار قیڕتاوکردنی ڕێگەی سەرەکی گوندی کەونە گوند بوو کە ڕێگەیەکی سەرەکییە و چەندین گوند بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەی مێرگەسۆر بە قەزای سیدەکان دەبەستێتەوە.
سەرۆکی شارەوانی مەزنێ، دەشڵێ: لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی ملیارێک و نیو وەرگیراوە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی لە گوند و ئاواییەکان، لەوانە ڕێگەی گوندی کونەمار، ڕێگەی گوندی شێرۆکیا، ھەروەھا لە سەنتەری ناحیەی مەزنێ لە داھاتوودا پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی زیاتر گوند و ئاوایەکان ئاوەدان بکرێنەوە.