رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک گەنجانی دیاسپۆرا کرد

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی یەكەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە 110 گەنجی پارچەکانی کوردستانیی دانیشتووی دیاسپۆرا کرد کە لە ناویاندا 12 گەنجی وڵاتانی ئەوروپایی هەبوون.

لەسەرەتای دیدارەکە، ئیسماعیل کامیل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاڵپشتیکردن لە هەوڵی کۆکردنەوەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی شووناسی نەتەوییان.

دواتر یاد ئەمین سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پاڵپشتییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی و سازدانی ئەم گەشتە بۆ جەنابیان باس کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر ئامانجە نزیک و دوورەکانی ئەم پڕۆگرامە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی باسی لە گرنگیی کۆبوونەوەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نەتەوەیی لەپێناو پاراستنی کولتوور و زمان و شووناسی نەتەوەیی و پاڵپشتیکردنی دۆزی ڕەوای کوردستان کرد، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەنجانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێت پێگەو سەنگیان هەبێت لە ئۆرگان و دامەزراوە ئەوروپییەکاندا و بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن، هەروەها ببنە پردێکی بەهێزی پەیوەندی لەنێوان دیاسپۆرا و نیشتمان و لەدەرەوەش لۆبییەکی بەهێز لە بوارەکانی دیبلۆماسی و سیاسی و فەرهەنگی بۆ کوردستان دروست بکەن.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی باسی لە بارودۆخی پارچەکانی تری کوردستان کرد و جه‌ختی لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای کوردستان لە پارچەکانی تری کوردستان کردەوە.