رۆژنامەی ھەولێر

لەو نزیكانە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتی ” شەهید فەرەنسۆ هەریری” بەكۆتادێت

ئەمڕؤ شەممە، 2025.10.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەری مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانی هەولێر، بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكان، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی چیمەن و تراکى یاریگەی شەهید” فەرەنسۆ هەریری” بەسەركردەوە. كە بە گوژمەی ( 1 ملیار و 830 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەستبەجێبەجێكردنی کراوە.

لە بەسەر کردنەوەکەیدا، لە نزیکەوە لە چۆنیەتی کاروبارەکانی پڕۆژەكەی کۆڵییەوە، كە ئێستا لە قۆناغی فەرشكردنی یاریگاكەدایە بە چیمەنی جۆرى ( هاى بێرد )، كە زۆربەی زۆری یاریگا گەورە جیهانییەكان بەو جۆرە چیمەنە فەرشكراون، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە كۆمپانیای بەڵێندەر و سەرپەرشتیار و ئەندازیاران وكرێكاران كرد، لە بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانیان لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەو مانگە كارەكان بەكۆتابێت و یاریگاكە بەڕووی یاریزانان بكرێتەوە .

پاشان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی بۆ كەناڵەكان، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، لە بەرامبەر ڕەزامەندیدان بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگاكە و خەمخۆریان بۆ سیكتەری وەرزش لە كوردستان و یانەی وەرزشی هەولێر، هەروەها پیرۆزبایی لە هاندەران و یاریزانان و سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و ڕاهێنەرانی یانەكە كرد بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگاكە.

ئومێدیشی خواست یانەی هەولێر، كە خاوەنی ناو و ناوبانگ و مێژوویەكی بەرزی وەرزشیە، بۆ ئەمساڵ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق سەركەوتنی مەزن بەدەستبهێنێت، گوتیشی، هەموو هەوڵەکاندەخەینەگەڕ بۆ زیاتر بەرە و پێشبردنی یانەی وەرزشى هەولێر و وەک پارێزگای هەولێر هەرچیەک لە تواناماندابێت لە پاڵپشتی و هاریکاری یانەى دایک درێغی لێناکەین.

جێگەى باسە، یاریگای “شەهید فەڕەنسۆ ھەریری” یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لەکۆتای ساڵی 2001 بەناوى شەهید “فەڕەنسۆ ھەریری” کراوە، لە ساڵی 2009 بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێكی دیار و بەرچاوە لە مێژووی شارى هەولێر و دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە چاوەڕوانی بۆ نۆژەن كردنەوەی ، دواجار دەست بە نۆژەنكردنەوەی یاریگاكە كرا.