رۆژنامەی ھەولێر

ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك: لە دهۆك دوو هەزار پارچە زەوی دیكە دابەشدەكرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە دهۆك ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابەشكردنی بەشی چوارەمی زەوی، ئەمجارەش هەزاران پارچە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەشدەكرێن كە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە. ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك، لە دیدارێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشكرای كرد: لە سنووری 25 شارەوانی دهۆك ئامادەكاری كراوە بۆ دابەشكردنی پارچە زەوی، لە هەر شوێنێك پارچە زەوی دابەشكرا دەستی ئاوەدانی دەگاتێ.

ڕۆژی 27-3-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی كە سوودمەندنەبوونە، بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد، بەو هۆیەوە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا هەزاران پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكران.
بە لەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەت كە نابێت لە 8 ساڵ كەمتر بێت و باری خێزانی و ژمارەی منداڵ و سوودمەند نەبوونیان لە وەرگرتنی زەوی لە ساڵانی ڕابردوو، زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەكرێت.
خاڵی كۆكراوەی هەر فەرمانبەرێكی سوودمەندبوو لەنێوان سەرووی 60 خاڵ بووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجانەی كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دیاری كرا بوو.
ناوی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمین و زەوییان وەرنەگرتووە و تا ئێستا سوودمەند نەبوونە، بە لیست دراوەتە قایمقامیەتی قەزاكان، ئەوانیش بۆ پارێزگاكان و شوێنی مەبەستیان ڕەوانە كردووە و ئێستا كاری لەسەر دەكەن، ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت نابێت لە دوو سەد مەتر كەمتر بێت واتە درێژیەكەی هەشت مەتر و پانییەكەی بیست و پێنج مەتر بێت و پانی شەقامەكان بۆ ناو شار و قەزا و ناحییەكان دوازدە مەتر كەمتر نەبێت.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێكیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەو بڕیارە هیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند، دابەشكردنی زەوی بڕیارێكی گرنگ بوو كە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەكراوە و دوای 18 ساڵ، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێكی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەركرد كە تاوەكو ئێستا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێكی گرنگە بۆ خەڵك كە دۆخی ناهەمواری ئابوورییان سووكتر دەكات.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان كار دەكات و تا ئێستا بە دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان داوە، كە باری سەرشانی هاووڵاتییان سووكتر بكات، لەپێناو ئەوەی كارئاسانی زیاتر بۆ هاووڵاتییان بكرێت، یەكێك لە بڕیارەكانیش دابەشكردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەران و هێزەكانی ئەمنی و پێشمەرگەش بەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت دڵخۆشن و دەڵێن بڕیارێكی گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئێمە كە ماوەیەكی زۆرە لە چاوەڕوانی پێدانی زەویداین.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای دهۆك، گوتی: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش بكات، هەر دوای ئەوە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆك، تیمی تایبەتمەند پێكهێنرا بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بەڕێوەببەن، لە سنووری دهۆك بڕیاردرا پارچە زەوی بەشێوەی سەنەد بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە دواڕۆژدا هیچ كێشەیەك بۆ فەرمانبەران دروست نەبێت، چونكە پێشتر لە هەندێك شوێنی سنوورەكە زەوی دابەشكرا بوو كێشە بۆ ئێمە و فەرمانبەران دروست ببوو، بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە دووبارە نەبێتەوە بڕیارماندا بە شێوەی سەنەد پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكەین، هەروەها دەمەوێت سوپاسی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت بكەم كە زۆر لەگەڵ ئێمە هاوكار بوونە و ئەوەی پێویست بووە كراوە بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بە شێوەی خێرا بەڕێوەبچێت، ئێستا زۆربەی كارەكان كراون و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو زەویانەی دراون بە فەرمانبەران تاپۆ دەكرێن، لە هەمان كاتدا لە ماوەیەكی نزیكدا دوو هەزار پارچە زەوی دیكە لە سنووری شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك دابەش دەكرێن، بەتایبەتی لە سنووری شارەوانییەكانی كەلەكچی كە یەكەمجارە لە سنووری ئەو شارەوانییە زەوی دابەش بكرێت، هەروەها لە سنووری شارەوانییەكانی زاوا و شاریا زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك، دەشڵێ: 40 شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی دهۆكن، لە 25 شارەوانی سنوورەكە ئامادەكاری زۆر كراوە بۆ دابەشكردنی پارچە زەوی، كەواتە لە هەر شارەوانییەك زەوی هەبوو و ئامادەكرا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەراندا دەكەین.
ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای دهۆك، زیاتر گوتی: ڕەنگە لە هەندێك شوێن لە كاتی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئاستەنگ دروست ببن، بەڵام توانیومانە ڕێگریەكان نەهێلین و لە سنووری هەموو شارەوانییەكان پرۆسەكە بەردەوامە و كێشەكان نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم جێبەجێ كردنی بڕیاری سەرۆكی حكوومەت بۆ دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای دهۆك، ئەوەشی گوت: هەندێك ڕێكار و ڕێنمایی هەنە، بەگوێرەی ماستەرپلان ئەو پارچە زەویانەی دەست نیشان كراون، شوێنی نیشتەجێ بوونن، ڕەنگە هەر پارچە زەوییەك كە دابەش دەكرێت، سەرەتا نرخەكەی بڕێك كەم بێت، بەڵام كاتێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ دەبەی نرخەكەی بەرزدەبێتەوە، بەڵام هەموو ئەو شوێنانەی دابەش دەكرێن شوێنی باش و گونجاون، لە هەر شوێنێك پارچە زەوی دابەش كرا دەستی ئاوەدانی دەگاتێ، بۆ ئەوەی خەڵك سوود لەو پارچە زەویانە وەربگرێت، كە ئێستا لە شاریا دوای دابەشكردنی پارچە زەوی دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كراوە.
ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای دهۆك، جەختی لەوەشكردەوە: تا ئێستا بە سێ قۆناغ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكراون، لە داهاتوویەكی نزیكدا قۆناغی چوارەم دەست پێ دەكات، مەبەست لە دابەشكردنی پارچە زەوی بە تیروپشك ئەوەیە كە بێ جیاوازی هەموو فەرمانبەران وەربگرن تا ئێستا 2500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكراون، كە بەشێك لەوانە زیندانی سیاسی و فەرمانبەر و پێشمەرگە بوونە.
سەبارەت بەوەی تا چەند توانیویانە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سنووری شارەوانییەكان جێبەجێ بكەن، ئەندازیار دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك، ڕاگەیاند، توانیومانە دەستی ئاوەدانی بۆ هەموو شارەوانییەكانی سنوورەكەمان درێژ بكەین، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ جێبەجێ كراون، چەندین پڕۆژەی دیكەش ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ كردندانە، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە خزمەتێكی باشی هاووڵاتییانی سنووری ئەو شارەوانیانە دەكەن.