د.پشتیوان سادق
لای هەمووان ئاشکرایە، کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسوڵمانن، ئێمە هەموومان شانازی بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پرەنسیپە جوانەکانی دەکەین، لە خزمەتی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن، لە هەمان کاتدا یەکێکی تر لە خەسڵەتە جوانەکانی تری کوردستان، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، هەر لە دێر زەمانەوە ئاینەکانی تر، بە تایبەتی مەسیحی و ئێزیدی لە کوردستان هەبوون، هەمووان پێکەوە ئامانجیان پێکەوەیی و خۆشەویستی کوردستان بووە، یەک خودایان هەبووە و بڕوایان پێی هەبووە.
ڕۆڵی میانڕەوی وتاری مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی لە مزگەوتەکان و حوجرە و خوێندنی ئایینی بە گشتی بە ئەوپەڕی بایەخەوە دەبینین، کە هەردەم بە گیانی بەرپرسیارانەوە برەویان بە تەبایی و ڕواندنی تۆوی خۆشەویستی کردووە.
لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانیشدا و لە خۆشی و ناخۆشییەکان هەموومان پێکەوە بووینە و قوربانیشمان هاوبەش بووە، ئەم مێژووە پڕ سەروەرییە، لە جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانەوە تا دەگاتە بارزانیی نەمر و ئەمڕۆ جەنابی سەرۆک بارزانی، چەندین چیرۆک و خاڵی پڕشنگداری گەورە هەن کە لە ڕووی کوردایەتی و کوردستانیەتی و ئایین و خانەوادەیی پێکەوە دەیانبەستێتەوە، هەروەک چۆن ئەم چیرۆکە بۆ زۆربەی خەڵکی کوردستانیش پشتڕاست دەکەینەوە، ئەمڕۆش کە دەبینن جەنابی سەرۆکی حکومەتی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی وەک ستراتیژ و پرەنسیپ، هەر لە سەرەتای کابینەی نۆیەم و پێشتریش، بڕوای بەم خاڵانە هەبووە کە خستوومە ڕوو، هەردەم ڕێنماییەکانی بەڕێزیان بۆ ئێمە ئەوە بووە، کە گرنگی بەو پێکەوەژیانە بدەین و لە هەموو ڕوویەکەوە خزمەتی گەشەپێدانی بکەین، لەبەر ئەوەی یەکێکە لە شانازییەکانی کوردستان بە ڕووی دەرەوە و هەمیشەش جێی بایەخ و گرنگی بووە و بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

