بەشێک لە ڕاپەراندنی کاروباری هاووڵاتییان و پێدانی پارەی مامەڵەکانی وەک دەرهێنانی پاسپۆرت و چەند مامەڵەیەکی تر کراونەتە ئەلیکترۆنی و کۆتایی بە سوودوەرگرتن لە دراوی کاش هێنراوە و هەوڵ هەیە تەواوی کاروبارەکانی حکوومەت لە سەرجەم دامەزراوەکان پشت بە هەمان ڕێکار ببەستێت.
بانکی ناوەندیی عێراق پێشبینی کردووە تا تەمووزی ساڵی ٢٠٢٦ لە تەواوی دام و دەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵی کۆتایی بە وەرگرتنی پارە بە کاش بهێنرێت و هاووڵاتییان تەنیا لە ڕێی کارتی بانکییەوە پارەکانی وەک کرێ و باج و ڕسوومات بە حکوومەت بدەن.
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێر بەسەر دامەزراوە داراییە نابانکییەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی داوە کە دانەوەی قەرز و کرێ و پارەی ڕسوومات بە پشتبەستن بە کارتی بانکی هەنگاوێکی زۆر گرنگە و خەریکە زیاتر پەرەی پێ دەدرێت.
یەکێک لەو وەزارەتانەی عێراق کە تەواوی مامەڵەکانی بووەتە ئەلیکترۆنی وەزارەتی ناوخۆیە و کۆتایی بە کاش لە تەواوی مامەڵەکانی خەڵک هێنراوە. حکوومەتی فیدراڵی پلانی هەیە ئەو پڕۆسەیە بۆ تەواوی وەزارەتەکان بگوازێتەوە و تا مانگی تەمووزی ٢٠٢٦ چی تر پارەی کاش لە مامەڵە حکومییەکاندا کاری پێ نەکرێت.
خالید جابری سەرۆکی دامەزراوەی دارایی پەرەپێدانی ئابووری پێی وایە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانە گەورەیە لە عێراق ڕوو بدات پێویستە هەندێک یاسای نوێ دەربکرێن و هەنگاوی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بنرێت.
سوودوەرگرتن لە کارتی بانکی ماوەی چەند ساڵێکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە و لە وڵاتانی پێشکەوتوو نەک لە دامەزراوە حکومییەکان بگرە لە تەواوی مارکێت و بازاڕەکان تەنیا کار بە کارتی بانکی دەکرێت و خەڵک هەر لە ڕێی هەژماری بانکییان سەرجەم مامەڵەکانیان لە کڕین و فرۆشتنەوە بگرە تا دەگاتە دەرهێنانی مۆڵەت و سەرجەم کاروبار و مامەڵەکان لە ڕێی کارتی بانکییەوە جێبەجێ دەکەن.
ئەمە وێڕای کەمکردنەوەی ڕۆتینێکی زۆر لە هەمان کاتدا خێرایی ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان زیاتر دەکات و کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە دەبێت و زۆرترین پارە لە ڕێی بانکەکانەوە لە جووڵەدا دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان هەرچەندە پێشتر بانک و کارتی بانکی هەبوو بەڵام پڕۆژەی هەژماری من، بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە دەستپێکردنی مامەڵەی بانکی و ئێستە بەشی زۆری فەرمانبەران بەو کارتە بانکییە مووچە وەردەگرن و بەپێی سیستمەکە کارتەکان هەموو جۆرە چالاکییەکی بانکییان پێ دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی عێراق لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای نزیکەی حەوت تریلیۆن دینار لە ڕێی ئەلیکترۆنییەوە مامەڵە جێبەجێ کراون.
عەدنان ئەسعەد بەڕێوەبەری گشتیی تەکنەلۆجیای زانیاری و پێدانی پارە لە بانکی ناوەندیی عێراق پێشبینی کردووە تا کۆتایی ساڵ قەبارەی بەهای ئەو جۆرە مامەڵانە بگاتە دە تریلیۆن دینار.
بۆ نموونە تەنیا لە ڕێی بەنزینخانەکان بە بەهای حەوتسەد و پەنجا ملیار دینار بەنزین بە شێوەی ئەلیکترۆنی فرۆشراوە لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو بایی چوارسەد و شەست و پێنج ملیار دینار فرۆشرابوو.
کۆی داهاتی حکوومەتی فیدراڵی بە پشتبستن بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان گەیشتووتە دوو تریلیۆن و سەد ملیار دینار لە کاتێکدا ساڵی داهاتوو داهاتەکە سێسەد و بیست و دوو ملیار دینار بوو. لە عێراق ژمارەی ئەو کارمەندانەی بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچە وەردەگرن گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و شەشسەد هەزار .
عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن سوودوەرگرتن لە پارەی کاش بۆ نزمترین ڕێژە کەم بکەنەوە و لە هەرێمی کوردستان ئامێری پێدانی پارەی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی مارکێت و بەنزینخانەکان داندراوە و ئەو شێوازە لە جووڵەپێکردنی دراو خەریکە ڕۆژ بەرۆژ پەرە دەستێنێت.

