رۆژنامەی ھەولێر

دامەزراوەیەكی جیهانی بەرهەمی توێژەرێكی كورد بڵاو دەكاتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

یەکێک لە دە بڵاوکەرەوە زانستییە هەرە بەهێزەکانی جیهان کتێبی لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی کورد “بەهرۆز جەعفەر” بە زمانی ئینگلیزی لە ٧٠٠٠ دامەزراوە و کتێبخانەی بەردەست دەخات. کتێبەکە بە ناونیشانی “جیۆپۆڵەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی فرەجەمسەری: وەرچەرخانی سیاسەتی جیهانی” لە (١٨٠) وڵات بەردەست دەبێت.

لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە، سپرنگە، ئەمازۆن، بارنێس نۆبڵ، گۆگڵ بووک و بووک شۆپ و دەیانی تر نووسیویانە؛ ئەم کتێبە لە دووتوێی (١٩٨) لاپەڕە لە وەرچەرخانی دەستەڵاتی جیهانی لە یەک تاکەزلهێزی باڵادەستەوە بۆ جیهانێک کە چەندین یاریزانی کاریگەری تێدایە، دەکۆڵێتەوە. لەناو تەکووز (نەزم)ـێکی نوێدا کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد هاوشانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی دیکە سیستەمی جیهانی لەقاڵب دەدەنەوە. کتێبەکە سەرەتا تیشک دەخاتە سەر جەمسەرگیری لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ نووسەر چرکەساتێکی نوێ دەستنیشان دەکات بۆ مرۆڤایەتی بەڵام ڕانەگەیێندراوە، ئەوەش لەنێوان جیهانێکی فرەجەمسەری و جیهانێکی بێجەمسەردا دەبێت.
کتێبەکە سەراپا کاریگەرییە گەشەسەندووەکانی نەرمەهێزی چین لە ڕێگەی پرۆژەی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوە نیشان دەدات. لەگەڵ ئەمەشدا سیمایەکی دیکە کە لەو نەزمە نوێیە جیهانییەدا هەیە سەرهەڵدان و زیادبوونی ژمارەی ‘هێزە مامناوەندەکان’ە، ئەمانە ئەو وڵاتانەن هێشتا زلهێز نین، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر بڕیارە جیهانییەکان هەیە وەکو (هیندستان، سعودییە، ئیسرائیل، تورکیا، یابان، ئێران و، بەرازیل) ئەم گەلانە یارمەتیدەرن بۆ دیاریکردنی داهاتوو. لەناو پەرەسەندنی دابەشبوونەکانی نێوان هاوپەیمانییە جیهانییەکانی وەک ناتۆ و بریکس و دابەزینی بازرگانیی ئەمریکا و چین، جیهان دەچێتە سەردەمێکی نوێوە، لەم سەردەمە نوێیەشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی گۆڕانکارییەکان دەبێت. ئەم کتێبە بە پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی بەنرخ سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە، سەرنجی خوێندکاران و توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەت ڕادەکێشێت کە هەوڵدەدەن لە دیمەنە ئاڵۆزە جیهانییەی ئەمڕۆکە تێبگەن.
جگە لە گرینگی ناوەڕۆکی کتێبەکە بۆ بارودۆخی ناسەقامگیری ئێستای جیهان، لایەنێکی تر ئەوەیە دوای پیاچوونەوە و گفتۆگۆیەکی زۆر کتێبەکە، سپرینگەر (Springer) بڵاوی کردووەتەوە؛ ئەم ناوەندە سەرەتا ساڵی (١٨٤٢) لە بەرلین دامەزراوە، ئیمڕۆکە لە (٤٠) پایتەختی گەورەی جیهان ئۆفیسی هەیە و یەکێکە لە دە باشترین بڵاوکەرەوەی ئەکادیمی جیهان؛ لە بوارەکانی پزیشکی، ئەندازیاری، زانست، زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەهۆی کوالیتی ئەکادیمی و داهێنان و کاریگەرییە جیهانییەکانیانەوە ناسراون.
بەهرۆز جەعفەر، گەنجێکی لەدایکبووی قەزای چەمچەماڵە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، بڵاوکەرەوەکە لەبارەی ئەوەوە گوتوویەتی؛ بە شارەزایی زیاتر لە ١٨ ساڵ لە ئاسایشی وزە و جیۆپۆلەتیکی وزە و کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئامرازەکانی میدیا، گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوەدا دەنگێکی ددانپیانراوە. کتێبی پێشووتری “بەهرۆز جەعفەر” لە لایەن گرووپی ئیمراڵدەوە ساڵی (٢٠٢٤) بە ناونیشانی “کۆدەکانی داینامیکییەتی هایدرۆکاربۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی: هەڵدانەوەی وەرچەرخانێکی ناوچەیی” لە (١٤٠) وڵاتدا بڵاو کرایەوە و بەردەستە بۆ فرۆشتن.
گرینگیی کتێبەکە بۆ ئێستای جیهان
بڵاوکەرەوە زانستییەکە کە ئەرکی نرخدانان و بەبازاڕکردن و دابەشکردنی لە ئەستۆیە، نووسیویەتی ئەم کتێبە زۆر لە کاتی خۆیدایە و ناوەرۆکێکی بەهێزی هەیە، بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و دروستکەرانی بڕیاری جیهانی و ناوچەیی گرینگە.
• بریکس و داهاتووی دراوی جیهانی: ئەم کتێبە شیکارییەکی گشتگیر لە بریکس و دیمەنی دارایی جیهانی پەرەسەندوو پێشکەش دەکات، کە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی بۆچی هەوڵەکان بۆ داماڵینی دۆلار لە کۆتاییدا ڕەنگە شکست بهێنن. سەرەڕای ئاستەنگەکان، دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی یەدەگی جیهانی، باڵادەست دەمێنێتەوە. بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەری ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، کتێبەکە میکانیزمە ستراتیژییەکان دەخاتە ڕوو کە دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی جێبەجێی بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لەم سەردەمەی گۆڕانکاری جیهانیدا.
• دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستەمی جەمسەری نێودەوڵەتی: ئەم کتێبە یەکەم هەوڵە بۆ لێکۆڵینەوە لە پۆتانسێلی گواستنەوە بۆ جیهانێکی پۆست جەمسەر (جیهانێک نە تاک جەمسەرییە، نە جوو جەمسەر، نە فرە جەمسەر). بابەتێکی داهێنەرانە یان ناوازەیە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها توێژینەوەکە سەرچاوەی جەمسەرگیریی جیهانیی تاوتوێ کردووە، لەوانە چەمکەکانی یەک جەمسەری، دوو جەمسەری و فرە جەمسەری. جگە لەوەش لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە بەرفراوانەکانی هێزی نەرمی چینی لەسەر جیهان بەگشتی دەکات، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.