رۆژنامەی ھەولێر

جووتیارێکی کوردی سنووری سەرگەڕان لەسەر سکاڵای عەرەبێکی هاوردە سزای زیندانی بۆ دەرچوو

دوو کەیسی جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە لایەن دادگای دووبزەوە تاوتوێ کرا و لە یەکەمیان دادوەری دادوەر بە هۆی ئامادەنەبوونی داواکار، داوای لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک کرد دادوەرێکی دیکە بۆ کەیسەکە دیاری بکرێت و لە دانیشتنی دووهەمیشدا جووتیارێکی کورد لەسەر سکاڵای عەرەبێکی هاوردە، بە چوار مانگ زیندان سزا درا.

ڕۆژی یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، کۆبوونەوەی دادگەی دووبز لەسەر دوو کەیسی جووتیارانی سنووری سەرگەڕان بەڕێوە چوو.

بە پێی زانیارییەکانی هەڵۆ جەباری، لە کەیسی یەکەم کە لەسەر داوای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی کەرکووک (قیادة عملیات کرکوک) بوو، لەسەر ئەو کێشەیەی کە لە گوندی شەناغە لە 17ـی شوباتی 2025 ڕووی دا، سکاڵا لە دژی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، تۆمار کرابوو. لەبەر ئەوەی ئەوە سێیەم دانیشتنی دادگا بوو کە بە بێ ئامادەبوونی نوێنەری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی کەرکووک بەڕێوەدەچوو، لە بەر ئەوەی ناتوانرێت وەرەقەی تبلیغە کەی بگاتە دەست، دادوەر بڕیاری دا داوای “تنحی” بکات و داوا لە دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک بکات دادوەرێکی تر ئەم کەیسە بەڕێوە ببات.

لە کەیسی دووەمیش کە لەسەر داوای عەرەبێکی هاووردە بە ناوی ئەحمەد وەسمی سەعلەم (احمد وسمی ثعلب) لەسەر جووتیارێکی گوندی “سەربەشاخ” بەناوی “سامان ڕەزا ئەحمەد” بەڕێوە چوو، دادوەر بڕیاری سزادانی بەگرتن بۆ ماوەی چوار مانگ (مع وقف التنفیذ) بۆ دەرکرد.